شاندی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا چەند دیدارێکی گرنگیان ئەنجامدا
K24 - هەولێر:
لە میانی سەردانی شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگن چەند دیدار کۆبوونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامدا.
لە پەراوێزى کۆڕبەندى ساڵانەى ژوورى بازرگانى کلدانى ئەمریکى، دیدارێکى گرنگ هەبوو لەنێوان د. عەلى تەتەر، پارێزگارى دهۆک و گرێتچین ویتمەر حاکمى ویلایەتى میشیگن ، بە بەشدارى ئەندامانى شاندى هەرێمى کوردستان.
لە دیدارەکەدا، شاندی هەرێمی کوردستان سوپاسی بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەیان کرد و باس لە پەرەپێدانى پەیوەندییە دووقۆڵیەکان بەتایبەتی لە بواری ئابوورى و دروستکردنی دەرفەتى کارى هاوبەش لەنێوان هەردوولا جەختى لەسەرکرایەوە.
لە دیدارەکەدا پرسی پەرەپێدانی بازرگانی و پرۆسەی دەستەخوشکی نێوان هەردوو شاری دهۆک و دیترۆیت باسی لێوەکرا و لە داهاتوودا بەئاراستەی واژووکردنی رێککەوتنی دوو قۆڵی کاری لەسەر دەکرێت.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە عەلى تەتەر، پارێزگارى دهۆک و بەیان سامى عبدالرحمن، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمەریکا، رۆبینا عەزیز، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان و محەممەد شوکرى، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان.
هەر لەمیانی سەردانەکەیان بۆ ئەمەریکا شاندى هەرێمى کوردستان چاویانکەوت بە ئێلیزا سلۆتکین و جۆن مولینار و هالی ستیڤنس ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا، شاندەکە سوپاسى پشتگیرییەکانى ئەمریکایان کرد بۆ هێزەکانى پێشمەرگە و لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی ئالنگارییەکان و راگرتنی هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بازاڕەکانى جیهان کرا.
ئامانجی سەردانەکەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریکردن بوو لە بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی ژووری بازرگانی کلدانی – ئەمەریکی و ئەنجامدانی چەندین دیداری گرنگ بۆ راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران تاوەکو لە هەرێمی کوردستان سەرمایەکانیان وەگەڕبخەن.
