چاوشئۆغڵو: تورکیا و نەتەوە یەگرتووەکان بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵە رێکدەکەون
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، تورکیا توانی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنێک ئەنجام بدات بۆ ناردنی دانەوێڵە بۆ ئەودیوی دەریای رەش، هەروەها وڵاتەکەی هیوای ئاشتیی دەخوازێت بۆ شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا.
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە تویتێکدا نووسیویەتی، "تورکیا توانی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنێک ئەنجام بدات بۆ ناردنی دانەوێڵە بۆ ئەودیوی دەریای رەش، هەروەها رێگری لە قەیرانی خۆراکی جیهانی کرد".
چاوشئۆغڵو لە تویتەکەیدا دەستی خستووەتە سەر ئەو هەوڵانەی کە ئەنقەرە لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی رووسیا و ئۆکرانیا ئەنجامیداوە، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر و ئاگربەست.
روونیشیکردەوە، دوای ئەوەی تورکیا یەکەم کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئۆکرانیای لە ویلایەتی ئەنتاڵیا ئەنجامدا، هەروەها توانی کۆبوونەوەیەکی دیکە لە ئیستانبوڵ ئەنجام بدات کە دوو شاندی هەردوو وڵاتی لەخۆگرتبوو.
جەختیشی لەسەر ئەو سەرکەوتنە کردەوە، کە تورکیا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەستیهێناوە، لە دەستەبەرکردنی رێککەوتنی ناردنی دانەوێڵە بۆ ئەودیوی دەریای رەش.
دەشڵێت: تورکیا رۆڵی هەبووە لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا.
چاوشئۆغڵو، لە کۆتایی تویتەکەیدا جەختیکردەوە، تورکیا پەرۆشە بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی رێککەوتنی گەرووی دەریایی مۆنترۆ.