ئایدن مەعروف: هەندێک لایەنی 'لە یاسادەرچوو' دەیانەوێت نێوان پێکهاتەکانی هەرێم تێکبدەن

K24 - هەولێر:
وەزیری کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت رێککەوتنی شنگال جێبەجێبکرێت، بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. دەشڵێت: هەندێک هێزی لە یاسادەرچوو دەیانەوێت نێوان پێکهاتەکانی هەرێم تێکبدەن.
رۆژی شەممە 30ـی نیسانی 2023، ئایدن مەعروف، وەیزیری کاروباری پێکهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر مزگەوتی 'رەحمان' لە شنگال کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەک هێزی لە یاسادەرچوو لە شنگال هێرشەکەیان ئەنجامداوە، بە مەبەستی تێکدانی ئاشتی، پێکەوەژیان و برایەتی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان.
رێككەوتنی شنگال لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەریی 2020، لە نێوان حكومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق لە شاری بەغدا واژووكرا. وەزیری کاروباری پێکهاتەکان بە پێویستی دەزانێت رێكکەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەڵێت، "هێزەکانی سەر بە پەکەکە لە شنگال رێگڕن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان".
رۆژی پێنجشەممە 27ـی نیسانی 2023، دوای گەڕانەوەی نزیکەی 25 خێزانی عەرەبی سوننە بۆ قەزای شنگال، ژمارەیەک لە دانیشتووانی قەزاکە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و بڕیاری گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەیان لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە رەتکردەوە و بە هۆکاری ئەوەی "ئەو خێزانە عەرەبانە لە رابردوودا هاوکاری چەکدارانی داعشیان کردووە لە کاتی داگیرکردنی شنگال". دواتر وا لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە، گوایە ژمارەیەک کەس هێرشیانکردووەتە سەر حەرەمی مزگەوتی (الرحمن)ـی موسڵمانان و مزگەوتەکەیان سووتاندووە و رووداوەکە کاردانەوەی تووندی نەرێنی لێکەوتەوە.
رۆژی شەممە 29ـی نیسانی 2023، کەریم سلێمان، راوێژکاری ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزیدییەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە، ئێزیدییەکانی دانیشتووی شنگال هیچ هێرشێکیان بۆ سەر مزگەوتی رەحمان لە شنگال ئەنجام دابێت.
بەگوتەی کەریم سلێمان، بەدواداچوونیان بۆ رووداوەکە کردووە و، میری ئێزیدییان بە خۆی لیژنەیەکی سێ کەسی ناردووەتە شنگال بۆ ئەوەی لە نزیکەوە مزگەوتەکە ببینن؛ بۆیان دەرکەوتووە نە هێرش کراوەتە سەر مزگەوتەکە و نە سووتێندراوە.
راوێژکاری ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزیدییەکان دووپاتیکردەوە، ئێزیدییەکانی کوردستان وەکو هەر پێکهاتەیەکی دیکەی هەرێمەکە پاڵپشتیی لەو پێکەوەژیان، برایەتی و تەباییە دەکەن کە لە وڵاتەکە بوونی هەیە و "هێرشکردنە سەر مزگەوتەکان لە رەوشتی تاکی ئێزیدی نییە".
ناوبراو گوتی: سوپاسی خوشک و برا موسڵمان، کریستیان، کلدان و ئایینەکانی دیکە دەکەین بۆ ئەو پاڵپشتیی و هاریکارییە مرۆییانەی پێشکەشی ئێزیدییەکانیان کرد دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە ساڵی 2014 بەدواوە.
رۆژی هەینی 28ـی نیسانی 2023، سعود مستۆ، بەڕێوەبەری کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشکردنە سەر مزگەوتی (الرحمن)ـی موسڵمانان لە شنگال، میوانی بووڵتەنی 'کاتژمێر هەشتی' کوردستان24 بوو، کە کۆڤان عیززەت پێشکەشی کرد.
سعود مستۆ رەتیکردەوە ئێزیدییەکانی شنگال هیچ هێرشێکیان بۆ سەر مزگەوتی (الرحمن)ـی موسڵمانان لەو شارە ئەنجامدابێت و جەختی لەوەکردەوە، "مزگەوتەکە نە هێرشی کراوەتە سەر و نە سووتێندراوە، بەرپرسیاریشم لە قسەکانم".
بەگوتەی سعود مستۆ، مێژووی ئەو وێنانەی مزگەوتەکە کە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، گوایە لەلایەن ئێزیدییەکانی شنگالەوە سووتێنداروە و شێوێندراوە، "بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە، کاتێک داعش هێرشی کردە سەر مزگەوتەکە و سووتاندی".
رۆژی هەینی 28ـی نیسانی 2023، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لە عێراق و جیهان، بە توندی ئەو هێرشەی کرایە سەر مزگەوتی "رەحمان" لە قەزای شنگال رەتکردەوە، کە ئەو رووداوە لە ئەنجامی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی لە دژی گەڕانەوەی ژمارەیەک لە خێزانی عەرەبە سوننەکان بۆ ناوچەکە کەوتەوە.
لە راگەیەندراوێکدا میری ئێزدییان ئاماژەی بەوەکردووە، "رەتکردنەوەی توندی خۆمان بۆ هێرشکردنە سەر مزگەوتی رەحمان و سووتاندنی لە شنگال رادەگەیەنین، هێرشکردنە سەر مزگەوتەکان لە رەوشتی ئێمەی ئێزدیدا نییە".
هاوکات یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا "بە تووندی" سەرکۆنەی رووداوەکەی شنگالی کرد و گوتی: ئیدانەی ئەو جۆرە هێرش و سوکایەتی و کارە تێکدەرانەیە دەکەین، چونکە مزگەوت شوێنی خواپەرستی موسڵمانانە و هیچ کەس و دەستێک بۆی نییە لەژێر هەر پاساو و ناوێک بێت سوکایەتی پێ بکات، پێویستە ئیدارەی خۆجێی شنگال و لایەنە پەیوەندارەکان بەزوویی رێکكاری یاسایی بگرنە بەر و کەسانی گێرە شێوێن و بەتایبەت ئەوانەی ئەم جۆرە کارەیان کردووە سزا بدات و رێگە نەدات ئاشوب و کردەی تێکدەرانە لەنێوان پێکهاتەکان دروست ببێ و دواجار سەقامگیری ناوچەکە بکەوێتە مەترسی.