سەرۆککۆماری عێراق: بێدەنگی وڵاتان هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بوو بۆ رژێمی بەعس بۆ درێژەدان بە هەڵمەتە خوێناوییەکانی

K24 – هەولێر

عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژکاری لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، لە کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی کوردانی فەیلی، وتاری سەرۆککۆماری خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو "سەرۆککۆمار پشتیوانی خۆی بۆ دۆسیەی کوردانی فەیلی دووپاتدەکاتەوە، هیواشی خواست کە بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە ببێتە پابەندبوونی هەموو لایەک و پێشنیاز و رێنماییەکانی کۆنفرانس جێبەجێ بکرێن".

لە وتارەکەی سەرۆککۆماری عێراق، هاتبوو: "ئەو پرۆسەیەی کۆمەڵکوژی کە دژی کوردانی فەیلی ئەنجامدرا، بەشێک بوو لەو زوڵمەی لەلایەن رژێمی بەعس دژی گەلی کورد ئەنجامدرا، هاوشێوەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالکردنی بارزانییەکان و وێرانکردنی هەزاران گوندی کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان".

لەتیف رەشید، لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەوەی کە ئازارمان دەدات ئەوەیە زۆربەی وڵاتان وەکو پێویست گرنگیان بەو تاوانانە نەداوە کە دژی گەلی کورد ئەنجامدران، کە دەستدرێژییە بۆ سەر هەموو مافەکانی مرۆڤ، ئەم بێدەنگییە لەوکاتەدا هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بوو بۆ رژێمی بەعس، بۆ ئەوەی هەڵمەتە خوێناوییەکانی درێژەپێبدات".

راشیگەیاند: "پێویستمان بە بەڵگە نییە کە بیسەلمێنین فەیلییەکان کورد، ئەوان کوری رەسەنن، رۆڵی گرنگیان هەبووە لە عێراق، هەروەها لە رووی ئابوورییەوە کاریگەری زۆریان هەبووە لە عێراق، هاوکات دژی رژێمی بەعس جەنگاون، بۆیە قوربانی یەکەم بوون لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەعس".

لە بەشێکی دیکەی وتاری، سەرۆککۆماری عێراق ئاماژە بەوەشکراوە: "بەداخەوە ئەوەی بەسەر فەیلییەکان هاتووە لە بواری راگەیاندن و رۆشنبیری وەکو پێویست گرنگی پێنادرێت، تائێستا کۆمەڵێک کەس هەن پشتیوانی لە سیاسەتی رژێمی گۆڕ بە گۆڕ دەکەن و پاساو بۆ تاوانەکانی دەهێننەوە، ئەم کۆنفرانسە گرنگی تایبەتی هەیە بۆ دەرخستنی قوربانیانی کوردانی فەیلی و بە دیکۆمێنت کردنی ئەوەی بەرامبەریان کراوە، بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بزانێ لە رابردوودا چی بەسەر کوردانی فەیلی هێنراوە، بزانن کە چ تاوانێکی گەورە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدراوە، بۆیە پێویستە هەڵوێستان یەک بێت، لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی کوردانی فەیلی".