داود سلێمان ئەتروشی: زانکۆکانی کوردستان گرنگی بە پێکەوەژیان دەدەن

K24 - هەولێر:
سەرۆکی زانکۆی دهۆک، رایدهگهیهنێت، زانکۆکانی سەڵاحەددین، دهۆک و سۆران، بەشێکبوون لە رێکخەرانی کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، هیواشیخواست لە کۆنفرانسەکانی داهاتوو زانکۆکانی دیکەی کوردستان بەشداربن. هەروەها دەشڵێت: "زانکۆکانی کوردستان گرنگی بە پێکەوەژیان دەدەن".
ئەمڕۆ پێنچشەممە (4ــی ئایاری 2023)، داود سلێمان ئەتروشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، رایگەیاند، لە زانکۆکانی کوردستان سەنتەری بواری جینۆساید هەن.
هەروەها راشیگەیاند، لە زانکۆی دهۆک سەنتەرێکمان دروستکردووە بە ناوی سەنتەری ئاشتی و چارەسەرکردنی ململانێ، هەروەها لە زانکۆی بەشی ئاشتی و مافی مرۆڤیشمان کردووەتە".
ئەتروشی، سەبارەت بە هەبوونی بابەتی جینۆساید لە پرۆگرامی خوێندندن گوتی: "قوتابییان لە قوتابخانەدا لە هەموو قۆناغەکاندا بابەتی جینۆساید دەخوێنن و لە کتێبەکانیاندا باسی جینۆساید کراوە کە بەسەر گەلی کوردا هاتووە".
هەروەها گوتیشی: "لە زانکۆدا پرسی جینۆساید لە بابەتی کوردۆلۆژیدا دەخوێندرێت، هەموو قوتابییان کاتێک دێنە زانکۆ لە ساڵی یەکەمیاندا دەیخوێنن".
سەبارەت بە گرنگی پرسی جینۆساید لە زانکۆی دهۆک، سەرۆکی ئهو زانكۆیه ئاماژەی بەوەکرد، لە ساڵڕۆژی یادکردنەوەی جینۆسایدەکان، کۆڕ و کۆنفرانس سازدەکرێن، بۆ ئەوەی گشت قوتابییان ئاشنا بن بەو پرسە.
رۆژی دووشەممە (2ــی ئایاری 2023)، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و دامودەزگا حکومییەکان، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە هەولێر بەڕێوەچوو.