رووماڵ

گاڤریێڵ مایرۆن: ئەو کۆمپانیانەی چەکی کۆمەڵکوژیان بە رژێمی پێشوو داوە پێویستە دادگایی بکرێن

گاڤریێڵ مایرۆن، پارێزەری دۆسیەی جینۆسایدی کوردانی فەیلی
گاڤریێڵ مایرۆن، پارێزەری دۆسیەی جینۆسایدی کوردانی فەیلی

K24 - هەولێر:

پارێزەرێکی نێودەوڵەتی کە پێشتر لەسەر دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە کاریکردووە رایگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی چەکی کۆمەڵکوژیان بە رژێمی پێشووی عێراق داوە پێویستە دادگایی بکرێن و بە پێویستە دەزانێت لە دادگای ئەوروپا فشار دروست بکرێت تا ئەو کۆمپانیایانە باجی ئەو کارانەیان بدەن.

ئەمڕۆ سێشەمە (2ــی ئایار 2023)، گاڤریێڵ مایرۆن، پارێزەری دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بۆ کوردستان24 گوتی: "ئەرکی من کە هاتمە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە بوو، کە بیسەلمێنم ئەو کارەساتەی دەرهەق بە گەلی کورد کراوە قبوڵکراو نییە".

گاڤریێڵ مایرۆن، گوتیشی: "پێویستە بچینە دادگای ئەوروپا فشار بکەین و دەبێت ئەو کۆمپانیایانە باجی ئەو کارانەیان بدەن، کە چەکی کۆمەڵکوژیان فرۆشتووەتە رژێمی پێشووی عێراق".

پارێزەری دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە رۆژئاوا تێوەگلاوە بە فرۆشتنی چەکی کیمیاوی بە رژێمی سەدام حوسێن و پێویستە بە ملیارەها دۆلار قەرەبوو بدەنەوە میللەتی کورد.

ئەو پارێزەرە نێودەوڵەتییە باسی لەوەشکرد، هەموو هەوڵێک دەدەین جینۆسایدی هاوشێوە دووبارە نەبێتەوە و روونیکردەوە، چووینە هەڵەبجە و بارودۆخەکەمان بە چاوی خۆمان بینی، هەموو بەڵگەیەکمان کۆکردەوە کە رژێمی سەدام تێوەگلابوو لەو کارەدا، ئەوەی پێشتر بیستبومان زۆر جیاواز بوو لەوەی کە بە چاوی خۆمان بینیمان.

گاڤریێڵ مایرۆن، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "تاوانەکانمان هەموو دۆکیومێنت کردووە و ئێستا پرسەکە لە دادگایە، رۆژی دووشەمە لە دادگای سلێمانی کەیسەکەی خۆم پێشکەشکرد و کۆتایی پێهات هیواخوازم کاری لەسەر بکرێت".

هەروەها ئەوەشی گوت: "زانیاریەکانمان بە هەموو جیهاندا بڵاوکردەوە، ئەوە تاوانێکی گەورەیە دەرهەق بە کورد کراوە، ئەم کەیسانە گەورەن پێویستە جیهان بە یەک دەنگ بڵێن بەسە با ئەم کارەساتە دووبارە نەبێتەوە".