ئالان حەمە سەعید: بابەتی جینۆسایدی گەلی کورد دەخرێتە پرۆگرامی خوێندنەوە

K24 - هەولێر:
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەڕای هەبوونی پرسی جینۆسایدی گەلی کورد لە زۆرینەی بابەتەکانی خویندن، بەڵام بۆ ساڵی نوێی خوێندن بابەتی جینۆسایدی گەلی کورد بە جیا کتبێکی نوێی بۆ چاپدەکرێت و دەخرێتە پرۆگرامی خوێندن.
ئەمڕۆ سێشەمە (2ــی ئایار 2023)، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیلی، بە کوردستان24ــی راگەیاند، بابەتی جینۆسایدی گەلی کورد ئەمساڵ بە جیا کتبێکی نوێی بۆ چاپدەکرێت و دەخرێتە پرۆگرامی خوێندن، لە بەندی سێیەمی ئەم کتێبەش بە تایبەتی باسی جینۆسایدی کوردانی فەیلی دەکات.
ئالان حەمە سەعید، هەروەها راشیگەیاند، بابەتی جینۆسایدی گەلی کورد لە زۆرینەی بابەتەکانی پرۆگرامی خوێندن ئاماژەی پێکراوە لە گشت قۆناغی خوێندن لە قوتابخانەکان و پەیمانگەکان.
وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، کتێبە نوێیەکەش کە تایبەتە بە جینۆساید لە مانگی 9ــی ئەمساڵ دەخرێتە بەر دیدی قوتابیان، لەلایەن پسۆڕان پێداچوونەوەی بۆکراوە، یەکێ لەو پسپۆڕانە ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، کە پسپۆڕیەکەی بابەتی جینۆسایدە.
سەبارەت بە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، ئالان حەمە سەعید، گوتی: "رۆژانی بۆنەی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ناوەندەکانی خوێندن زۆر بە شکۆوە یاددەکرێنەوە و بەرز رادەگیرێن".
هەروەها گوتیشی: "لە وەزارەتی پەروەردە، جیا لە بابەتی پەروەردە و فێرکاری تەرکیزمان لەسەر بەهاکانی کۆمەڵگەیە، ئەوانیش ناساندنی هەموو ئەو تاوانانەی کە دەرهەق بە گەلی کورد کراوە، بابەتی پێکەوە ژیانی ئایینییە، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەت بە منداڵانی گەلی کوردستان بکەین.