شوان کەلاری: لە بەغدا نیەتێکی باش نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەلی کورد

K24 - هەولێر:
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هیچ نیەتێکی باش نییە لە لایەن بەغداوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەلی کورد، هەروەها دەشڵێت: "بەپێی دەقی ماددەی 132ـی دەستووری عێراق، ئەوانەی لەسەر دەستی حزبی بەعس زیانیان بەرکەوتووە دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە (2ـی ئایاری 2023)، شوان محەممەد کەلاری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە میانەی بەشداری کردنی لە کۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی جینۆسایدی کوردانی فەیەلی، بە کوردستان24ــی راگەیاند: "لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و دەزگای شەهیدان قسەمان کردووە، بەڵام لە ئەنجامدا نیەتێکی باش نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەلی کورد".
شوان کەلاری، راشیگەیاند: "حکومەتی عێراق کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی خۆی قەرەبوو کردووەتەوە، بەڵام ئەوانەی کوردستانی قەرەبوو نەکردووەتەوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق روونیکردەوە: "دەقی ماددەی 132ی دەستوور دەڵێت، ئەوانەی لەسەر دەستی بەعس زیانیان بەرکەوتووە دەبێت قەرەبووبکرێنەوە، بەڵام تا ئێستا کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان قەرەبوو نەکراونەتەوە".
شوان کەلاری، لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندینجار لیژنەی لەسەر ئاستی باڵا ناردووەتە بەغدا لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام حکومەتی عێراق دەڵێت:" ئێوە وەزارەتی خۆتان هەیە بە گوێرەی یاسای وەزارەتی خۆتان مووچەتان رێک خستووە".
کەلاری گوتیشی: "دەبێت یاسای شەهیدان و ئەنفالکراوان لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق هەموار بکرێتەوە، جۆر و ریزبەندنی شەهیدانیشیان جیایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە عێراق یەک جۆر مووچەی شەهیدان هەیە، لە کوردستان دوو جۆر مووچەی شەهیدان هەیە، لە کوردستان وارسەکان باشتر شمولی مووچە دەکەن، لە بەغدا یاسای خانەنشینی فیدڕاڵییان لەسەر جێبەجێدەکرێت".
سەبارەت بە پرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە نوگرە سەلمان، لە پارێزگای سەماوە، شوان کەلاری، گوتی: "یاسای ژمارە 13 لە ساڵی 2015 لە ماددەی شەش برگەی پێنج، بە دەق دەڵێت، پشکنینی دی ئێن ئەی بکرێت بۆ روفاتەکان، هەروەها پشکنینی سامپڵ بکرێت بۆ کەسوکارەکان، ئەمانە ئەرکی پزیشکی دادی بەغدان، تا ئێستا پزیشکی دادی بەغدا بەم ئەرکە هەڵنەستاوە".
هەروەها گوتیشی:" وا بڕیارە 16ی ئەم مانگە، رێکخراوی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە پرسی ئەنفال لە گەرمیان، لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان سەردانی بیابانی عەرعەر و قەڵای نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە بکەین، دەچینە ئەو شوێنە رێورەسمێک سازدەکەین".