عەدنان موفتی: مهترسی لهسهر ههرێمی كوردستان كۆتایی نههاتووه

K24 - هەولێر:
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەخت لەسەر گرنگی بەهێزترکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و رایگەیاند، كێشه و ناكۆكی له ههرێمی كوردستان ههیه و بۆ چارەسەکردنیان پێویستە دیالۆگ بکرێت لەکاتێکدا مهترسییەکانی سهر قەوارەی ههرێمی كوردستان كۆتاییان نههاتووه.
ئەمڕۆ سێشەمە (2ـی ئایاری/ 2023)، عەدنان موفتی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کەردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، دەبێت هەموو لایەنەکان پێکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزتربکەن و رووبەرووی مەترسییەکان ببنەوە. هەروەها دەشڵێت: "دەبێت هەست بە مەترسیەکان بکەین بۆ ئەوەی داکۆکیکار بین لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کە هەموومان شانازی پێوەدەکەین".
عەدنان موفتی روونیکردەوە، پارتی و یهكێتی دهبێت هاوكار و پاڵپشتی یهكتر بن و دهبێت بههێزهوه رووبهڕووی ئاڵنگارییهكان ببینهوه و نابێت كێشهكانی ههرێمی كوردستان پشتگوێ بخرێن و رووبهڕووبوونهوهی گهندهڵی كاری زیاتری پێویسته.
هەروەها راشیگەیاند، پێكهوهژیان سیمایهكی جوانی ههرێمی كوردستانه و شانازی بەو پێکەوەژیانە دەکرێت کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، رق و قینە نییە لەنێوان لایەنەکان و پێکهاتەکاندا نییە بەرامبەر یەکتر.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، جەختی لەوەکردەوە، پێویستە دەسەڵاتدارانی کورد هەست بە مەترسی بکەن و بۆ ئەوەی لە واقع تێبگەن، ئێستا مهترسی لهسهر ههرێمی كوردستان كۆتایی نههاتووه و لایەنە سیاسییەکان لە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکتردا ناکۆکن، بە تایبەت لەسەر پرسی هەڵبژاردن.
ئەوەشی خستەڕوو، لەهەر چوار پارچەی کوردستان ناحەز زۆرن دژی گەلی کورد و هەوڵی لەناوچوونی کورد دەدەن، بۆیە پێویستە کوردستان بەهێزتر بێت و رووبەروویان بوەستێتەوە، ئەمەش بەهۆی پێکەوەژیان و تەبایی و کۆدەنگییەوە دەکرێت، هەروەها پێویستە هەموولایەک رووبەڕووی ئەو لایەنە ببێتەوە کە دەیەوێت ناکۆکی بخاتە نیوان پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و ئایینەکان لە کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی سەبارەت بە پرسی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی، عەدنان موفتی، رایگەیاند: "کوردانی فەیلی زوڵمیكی ئێجگار زۆریان لێکرا 20 ساڵ دوای نەمانی دیکتاتۆرییەتیش تا ئێستا کێشەکانیان چارەسەرنەکراوە و قەرەبوونەکراونەتەوە، ئەمڕۆ یادی جینۆسایدی کوردانی فەیلییە دەبێت لەو رۆژە بیر لەوە بکەینەوە چۆن بتوانین قەرەبوویان بکەینەوە و کێشەکانیان چارەسەربکەین".
هەروەها راشیگەیاند: "دەبێت حکومەتی عێراق قەرەبوویان بکاتەوە و حکومەتی هەرێمیش لەوبارەیەوە هاوکاری حکومەتی عێراق بێت".
عەدنان موفتی گوتیشی: "کوردانی فەیلی بەشداری چەندین شۆڕشیان کردووە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و لە شۆڕشی ئەیلوول بەشداربوونە، لەلایەن رژێمی بەعس زۆر بە دڕاندانە ئەنفال کران و گەنجەکانیان خراونەتە زیندان و ئاوارەکراون و ماڵیان داگیرکراوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت ئیرادەیەک هەبێت بڕیارەکانی ئەنجوومەنی قیادەی سەورە هەڵبوەشێتەوە، هەروەها لەپاش 20 ساڵ لە رووخانی رژێمە بەعس، لە مانگی دووی ئەمساڵدا تازە حکومەتەکەی سوودانی بڕیاریداوە کێشەی کوردانی فەیلی چارەسەربکات".
عەدنان موفتی، ئەوەشی راگەیاند: "پێویستە نوێنەرانی کورد کە لە حکومەتی عێراق هەوڵی وروژاندنی بابەتی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی بدەن و کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن".
سەبارەت بە بەشداری کوردانی فەیلی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، عەدنان موفتی کە پێشتووتر سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بووە، گوتی: "پێویستە گشت لایەنەکان بایەخ بە کوردە فەیلییەکان بدەن و بیانکەنە کاندیدی خۆیان، هەروەها پشتگیریان بکەن و لەناو هەموو لیستەکان بن، ئەگەر کورسی کۆتایان پێ بدرێت واتا جیاکردنەوەیان، بۆیە پێویستە لەخۆیان هەژماری بکەن، پێویستە فەیلییەکان و ئێزدییەکان نوێنەریان هەبێت لە پەرلەمان.
گوتیشی"کوردانی فەیلی پێویستە نوێنەریان هەبێت لە پەرلەمان، تا بتوانن باشتر داکۆکیکەربن لە مافەکانی خۆیان و دەبێت پشتگیریان لێبکرێت".