سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا كۆبووه‌وه‌

کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و  گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتالیا
کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و  گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتالیا

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا كۆبووه‌وه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيتاليا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين سه‌ردانى نێچيرڤان بارزانى بۆ ڕۆمایان تاوتوێکرد.

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3ـی نیسانی 2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌  گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتالیا کرد. 

بە گوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كەدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيتاليا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين سه‌ردانى نێچيرڤان بارزانى بۆ ڕۆما، دۆخى سياسيى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ڕۆڵى ئيتاليا له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش و دوايين پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر، تاوتوێ كراون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:  نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ڕۆڵ و پشتگيريى سه‌ربازيى ئيتاليا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا دووپات كرده‌وه‌ و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان بە په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ ئيتاليا ده‌ربڕى، به‌تايبه‌تيش فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ بوارى ئه‌منيدا. به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها سوپاسى ڕۆڵى هێزه‌كانى ئيتالياى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ مه‌شق و ڕاهێنانيان به‌ پێشمه‌رگه‌.

ئاماژەی بەوەشدراوە، لاى خۆيه‌وه‌ وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاليا وێڕاى ده‌ربڕينى به‌رده‌واميى پشتگيريى سه‌ربازيى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پێزانينى ئيتاليا بۆ ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ تێكشكاندنى داعشدا، دووپاتى كرده‌وه‌، وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و ئارامى و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان و عێراقى به‌ گرنگ بۆ ناوچه‌كه‌ و جيهان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا باڵيۆزى ئيتاليا له‌ عێراق، كونسولى گشتى و فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى ئيتاليا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون.