سادق فه‌یلی: داوا له سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی ده‌كه‌ین كه‌یسی جینۆسایدی كوردی فه‌یلی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق زیندوو بكاته‌وه

K24 - هەولێر:
سادق فه‌یلی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پارێزه‌رانی كه‌یسی جینۆسایدی كوردی فه‌یلی له دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق له په‌راوێزی به‌شداریكردنی له "كۆنفرانسی زانستی جینۆسایدی کوردانی فەیلی" له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كوردستان24 رایگەیاند، حكومه‌تی عێراق له به‌رانبه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی كوردی فه‌یلی ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به نێوده‌وڵه‌تیكردنی كه‌یسی كوردی فه‌یلی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پارێزه‌رانی كه‌یسی جینۆسایدی كوردی فه‌یلی له دادگای باڵای فیدڕاڵی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ده‌كرێ كه‌یسێكی له‌م شێوه‌یه له دوو حاڵه‌تدا ره‌وانه‌ی دادگای رۆما بكرێت، یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌ر وڵاتێك بكه‌وێت، بۆ نموونه ساڵی 2003 سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و دامه‌زراوه‌یی له عێراق كه‌وت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری وه‌ك خۆی مایه‌وه. دووه‌م: ئه‌گه‌ر دادگای عێراق نه‌توانێ پرسه‌كانی له‌م شێوه‌یه گفتوگۆ بكات و له‌باره‌یه‌وه بڕیار بدات.
سادق فه‌یلی ئاماژه‌ی به‌وه كرد، دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق به ئه‌ركی خۆی هه‌ستا و بڕیاریدا كه كه‌یسی كوردی فه‌یلی كه‌یسێكی جینۆسایده، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له عێراق تا ئێستا نه‌یتوانیوه ئه‌ركی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و كه‌یسه جێبه‌جێ بكات. گوتیشی: "ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانی عێراق له ساڵی 2010 به بڕیاری ژماره (16) كه له (9) بڕگه پێكهاتووه، داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كوردی فه‌یلی كردووه، به‌ڵام حكومه‌ت له ئاستی ئه‌و به‌رپرسیاره‌تییه‌دا نه‌بووه".
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پارێزه‌رانی كه‌یسی جینۆسایدی كوردی فه‌یلی له دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق باسی له‌وه كرد، له به‌رنامه‌یاندایه له كۆتایی كۆنفرانسه‌كه داوا له مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌یسه زیندوو بكه‌نه‌وه و داوا له حكومه‌تی عێراق بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی خۆی به‌رامبه‌ر به كوردی فه‌یلی جێبه‌جێ بكات.
گوتیشی: "مایه‌ی سه‌رنجه، حكومه‌تی عێراق توانیویه‌تی له رێگه‌ی داهاتی نه‌وه‌ته‌وه قه‌ره‌بووی وڵاتی كوێت بكاته‌وه، به‌ڵام ئاماده نییه قه‌ره‌بووی قوربانییان و هاووڵاتیانی خۆی بكاته‌وه".
سادق فه‌یلی هه‌روه‌ها له كۆتایی قسه‌كانی بۆ كوردستان24 ستایشی سه‌رۆك بارزانی كرد كه ئاماده‌ی كۆنفرانسه‌كه بووه، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ئه‌و كۆنفرانسه كاریگه‌رییه‌كی باشی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسی كورد به گشتی و كوردی فه‌یلی زیاتر به ده‌ره‌وه ئاشنا بكرێت، به‌تایبه‌ت كه ژماره‌یه‌ك له پارێزه‌رانی بیانی له كۆنفرانسه‌كه به‌شدارن و ئاشنای ئه‌م كه‌یسه ده‌بن و ده‌توانین بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌یسه‌كه لۆبی بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی كورد بگاته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر به كورد كراوه به‌نێوده‌وڵه‌تی بكرێن.