وشکەساڵی هەڕەشە لە داهاتووی ئەوروپا دەکات

کاریگەری وشکەساڵی لە ناوچەیەکی فەرەنسا
کاریگەری وشکەساڵی لە ناوچەیەکی فەرەنسا

K24 - هەولێر:

لە راپۆرتێکدا کە رۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" بڵاویکردووەتەوە، ئاشکرایکردووە، مەترسی وشکەساڵی کە ژمارەیەک ناوچەی ئەوروپای گرتووەتەوە، کێبڕکێی نێوان وڵاتانی کیشوەرەکە لەسەر دەستگەیشتن بە سەرچاوە ئاوییەکان چڕتر کردووەتەوە.

رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کۆگا ئاوە سەرەکییەی کە خزمەت بە ملیۆنان کەسی کەتەلۆنی دەکات، خەریکە بەتاڵ دەبێت، هەروەها ململانێ لەسەر ئاو بووەتە هۆی کۆچکردن لە هەندێک ناوچەی فەرەنسا، بەو پێیەی لە چەند گوندێک چیتر توانای دابینکردنی ئاو بۆ دانیشتووانەکەی نییە.

هەروەها ئاوی رووبارەکان لە ئیتاڵیا کەمیکردووە و لە هەمان ئاستی مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو ماوەتەوە. ئەمەش وایکردووە کە بەڕێوەبردنی ئاو و دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی ئاو بووەتە پرسێکی سیاسی لە سەرانسەری ئەوروپا.

رۆژنامەی پۆلیتیکۆ ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی زانکۆی "توو گراز" کردووە بە بەکارهێنانی داتای مانگە دەستکردەکان، کە پشتڕاستی دەکاتەوە، ئەوروپا لە ساڵی 2018ـەوە بەدەست کەمبوونی ئاو دەناڵێنێت.

هاوکات شارەزایان پێیان وایە، بۆ ئەوەی ئەوروپا لە مەترسی وشکەساڵی و کەمی ئاوی ژێرزەوی دەربچێت، ئەوروپا پێویستی بە نزیکەی 10 ساڵ بارانبارینی بەخوڕ دەبێت، دەسەڵاتی کەشناسی ئەڵمانیا (Deutscher Wetterdienst) پێشبینی کردووە کە بڕی بارانبارین لە ئەوروپا لە دەیەی داهاتوو بە نزمی دەمێنێتەوە و بەرزنابێتەوە.