وێنه‌ و پێناسی نیشته‌جێبوونی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا بڵاوكرایه‌وه‌

كه‌سێكی نزیكی زانیاری نوێ له‌باره‌ی ئه‌نجامده‌ره‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

وه‌لید حه‌مۆ، ئامۆزای هاوسه‌ری محه‌مه‌د بوهیلال ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی نیسی فه‌ره‌نسا، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، بوهیلال هه‌رگیز موسڵمانێكی پابه‌ند نه‌بووه‌ و هاتووچۆی مزگه‌وتیشی نه‌كردووه‌.

وه‌لید حه‌مۆ هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "بوهیلال هه‌میشه‌ كێشه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی هه‌بووه‌ و به‌رده‌وام لێیداوه‌، هه‌روه‌ها ماده‌ی هۆشبه‌ریشی به‌كارهێناوه‌ و گۆشتی به‌رازی خواردووه‌، بۆیه‌ ئه‌و موسڵمان نه‌بووه و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كردووه‌ كه‌ له‌ ئایینی ئیسلامدا قه‌ده‌غه‌ كراون‌".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، هه‌رگیز نوێژی نه‌كردووه‌ و سه‌ردانی مزگه‌وته‌كانیشی نه‌ده‌كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی داوه‌ و كێشه‌ی له‌گه‌ڵدا هه‌بووه‌، له‌ یه‌ك جیابوونه‌ته‌وه‌.

محه‌مه‌د بوهیلال، به‌ره‌گه‌ز تونسییه‌ و خاوه‌ن ره‌گه‌زنامه‌ی فه‌ره‌نسییه‌ و له‌ شاری نیس ژیاوه‌.

دوێنێ شه‌و، 14 له‌سه‌ری 15ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2016، له‌و كاته‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك به‌ مه‌به‌ستی ئاهه‌نگ گێڕان به‌بۆنه‌ی رۆژی سه‌ربه‌خۆیی فه‌ره‌نسا (باستیل)، له‌و شاره‌ كه‌ناراوییه‌ی فه‌ره‌نسا كۆببوونه‌وه‌، بوهیلال به‌ بارهه‌ڵگرێكه‌وه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ریان و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 84 كه‌س كوژران و 200 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

دواتر بوهیلال له‌لایه‌ن پۆلیسی فه‌ره‌نساوه‌ ته‌قه‌ی لێكراو كوژرا.

وێنه‌ و پێناسی نیشته‌جێبوونی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا بڵاوكرایه‌وه‌
وێنه‌ و پێناسی نیشته‌جێبوونی ئه‌نجامده‌ری هێرشه‌كه‌ی فه‌ره‌نسا بڵاوكرایه‌وه‌