پاکستان و تورکیا و سعوودیە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سەربازی سازدەکەن
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، پاکستان، سعوودیە و تورکیا پلانیان هەیە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ فەرماندەی سوپاکانیان رێکبخەن. ئەم هەنگاوە لە وەڵامی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ حووسییەکان لە یەمەن و بە ئامانجگرتنی خاکی سعوودیە دێت.
هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، لە بەیاننامەیەکدا روونیکردەوە، پاکستان، سعوودیە و تورکیا تاوتوێی بابەتی پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ ریاز دەکەن بەپێی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو، هەرسێ وڵاتەکە ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەن کە مەککە و دامەزراوەکانی سعوودیەیان کردووەتە ئامانج. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، هەرسێ وڵاتەکە پشتیوانی لە مافی سعوودیە دەکەن بۆ وەڵامدانەوە و بەرگریکردن لە خۆی.
هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر ناوچەکانی سعوودیە و بە ئامانجگرتنی کەشتییەکانی شانشینەکە لە دەریای سوور لە پەرەسەندندان. پێنجشەممەی رابردوو، بەرگریی شارستانیی سعوودیە زنجیرەیەک هۆشداریی دەرکرد کە چەند ناوچەیەکی شانشینەکەی لەنێویاندا مەککەی دەگرتەوە. لەو هۆشدارییانەدا باس لە بوونی هەڕەشە بۆ سەر ئەو ناوچانە کرابوو، پێش ئەوەی مەترسییەکە کۆتایی بێت.
حووسییەکان بەردەوام هێرش دەکەنە سەر حکوومەتی یەمەن کە لەلایەن ریازەوە پاڵپشتی دەکرێت و چەندان جار بە مووشەک و درۆن خاکی شانشینەکەیان کردووەتە ئامانج. ئەم دۆخە بووەتە هۆی کاریگەریی نەرێنی لەسەر رۆیشتنی نەوت لە گەورەترین هەناردەکاری سووتەمەنی لە جیهاندا.