فاتیمە وەزیری: ژنە کرێکارە نەیجیرییەکان لە عێراق رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە

K24 - هەولێر:
دەزگای نیشتمانی قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە نەیجیریا ئاشکرایکرد، ژنانی نەیجیریا لەکاتی کارکردن وەک کرێکاری ناوماڵ لە عێراقدا تووشی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە.
فاتیمە وەزیری-عزی، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای نیشتمانی قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە نەیجیریا لە راگەیندراوێکدا، ئاماژەی بەوەکردووە، "زۆربەی ئەو ژنە گەنجە نەیجیرییانەی لە عێراقدا کاردەکەن، بە چەندین شێوە رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە، لەوانەش هەراسانکردنی سێکسی و زۆربەیان دەستیانکردووە بە داوای هاوکاریکردن بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان".
بەڕێوەبەری گشتی دەزگاکە لەراگەیەندراوەکەدا، باسی لەوەکردووە، لە ئێستادا دەزگاکە بەدواداچوون بۆ چەند کۆمپانیایەکی "ناپاک"ـی دامەزراندنی کرێکاران دەکات، کە پێدەچێت رۆڵی گەورەیان هەبێت لە ناردنی زۆرێک لە ژنانی نەیجیریا بۆ "کۆیلایەتی ناوماڵ" لە عێراق.
وەزیری-عزی دووپاتی کردووەتەوە، زۆر پەیوەندی و داوای گەڕانەوە بۆ نەیجیریا لە ژنە قوربانییەکانیانەوە پێگەیشتووە کە لە عێراق بازرگانییان پێوە دەکرێت، بەتایبەتی لە شارەکانی بەغدا و بەسرە".
ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستی دەزگاکەدان، دەریدەخەن کە زۆرێک لەو قوربانیانە چەندینجار لە نەخۆشخانەدا خەوێندراون، بەهۆی ناچاربوونیان بە کاتژمێری زۆری کارکردن لەژێر بارودۆخێکی سەختدا.
دەزگای نیشتمانی قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە نەیجیریا روونیکردووەتەوە، زۆرێک لە کرێکارەکان دەستیان بە مۆبایلەکانیان ناگات، چونکە خاوەن کارەکانیان دەستبەجێ مۆبایلەکانیان لێ وەردەگرن، هەرگیز رێگەیان پێنادرێت ئەو شوێنە بەجێبهێڵن کە تێیدا خزمەت دەکەن.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، کاتێک پەیوەندی بە ژنە نەیجیرییەکانەوە دەکرێت بۆ رزگارکردنیان، ناتوانن وردەکاری شوێنەکەیان بخەنەڕوو، چونکە نازانن لە کوێن.
لەلایەن خۆیەوە، خالد ئەلمەحنا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەبارەی ئەو کەیسەوە، بە کەناڵی ئەلحورەی راگەیاندووە، راپۆرتێکی لەو شێوەیەم نەبینیوە تەنانەت ئەگەر زانیارییەکی ئاواش راستبێت، وەڵامی ئێمە ئەوەیە، کە سکاڵامان لە هیچ کەسێکەوە پێنەگەیشتووە.
ئەلمەحنا باسی لەوەشکردووە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران دەگرنەبەر لە ئەگەری ئەوەی هەر سکاڵایەکی لەو بارەوەیان پێبگات.