کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر بۆ کوردستان24: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان فراوانتربکەین

رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر
رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر

K24 - هەولێر:

کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 جەختی لە پەیوەندی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، توانیومانە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند بابەتێکدا کاربکەن وەک بە دیجیتاڵکردن، چاکسازییەکان لە کەرتەکانی ئاسایش و دارایی و لە هەمووی گرنگتر بواری پەروەردە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (7ـی ئایاری 2023)، رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان گەرموگوڕ و دۆستانەیە و خۆشحاڵین دەرفەتی ئەوەمان هەبووە لە پرۆسەی بەدیجیتاڵکردن و چاکسازی لە کەرتەکانی سەربازی و دارایی و پەروەردەدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربکەین.

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ئاهەنگێکی تایبەت بەبۆنەی بەڕێوەچوونی تاج لەسەرنانی شا چارلزی سێیەم سازکرا، و کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر گوتی، "ساتێکی زۆر تایبەتە بۆ ئێمە و دەرفەتێک بوو بۆئەوەی ئاهەنگی تاج لەسەرنانی خاوەنشکۆ شا چارڵزی سێیەم و شاژنە کامیلا بگێڕین. یەکەم ئاهەنگ و مەراسیمی گەورەی تاج لەسەرنان بوو لە 70 ساڵی رابردوو".

هەروەها رۆزی کەیڤ بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، کۆتایی ئەمساڵ زانکۆی نێودەوڵەتی بەریتانی لە هەولێر دەکرێتەوە.

کونسوڵی گشتی بەریتانیا ئاماژەی بەوەشکرد، " دەمانەوێت ئەو پەیوەندیانەمان فراوانتر بکەین و هاوبەشی زیاتریان لێبکەوێتەوە لەو دەرفەتانەی لە داهاتوودا دێنە پێشەوە".