وەزیری دەرەوەی چین: ئەمەریکا بە بەکارهێنانی تایوان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی چین دەدات

چین قانگ، وەزیری دەرەوەی چین
چین قانگ، وەزیری دەرەوەی چین

K24 - هەولێر

راوێژکاری وڵاتی چین و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، هۆشداریدا کە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ بەکارهێنانی تایوان دژی چین، سیستەم و یاسا نێودەوڵەتییەکان تێکدەدات.

چین قانگ، راوێژکاری وڵاتی چین و وەزیری دەرەوەی چین، لە دیدارێکیدا لەگەڵ شەرقولئەوسەت دا گوتی، "بەرگری لە سەروەری وڵات و یەکپارچەیی خاکی وڵات دەکەین، هەروەها پارێزگاری لە ماف و بەرژەوەندییەکانی یەک ملیار و 400 ملیۆن کەسی چین دەکەین بە خەڵکی تایوانیشەوە، ئەوەی ئێمە بەنیازین لێیبدەین، ئەو هێزانەن کە هەوڵی دابەشکردنی چین و هاندانی سەربەخۆیی تایوان دەدەین".

قانگ ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی "هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی چین دەدات بە بەکارهێنانی تایوان" هەروەها هەوڵدەدات سەربەخۆیی تایوان بە هێزی سەربازی بەدەستبهێنێت.

وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەشکرد، "پرسی تایوان بناغەی بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی چینە، بنەمای یەک چین نوێنەرایەتی بنەمایەکی سیاسی گرنگ دەکات بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانی پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی جیهان، هەروەها بەشێکی گرنگی سیستەمی نێودەوڵەتییە دوای جەنگی جیهانی دووەم".

سەبارەت بە رێککەوتنی سعوودیە و ئێران بە ناوبژیوانی چین، قانگ جەختی لەوە کردەوە، کە بەرەوپێشچوونی بەردەوامی پەیوەندییەکانی سعوودیە و ئێران نموونەیەکە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان لە رێگەی گفتوگۆ و راوێژکارییەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەکەی دژی هەوڵەکانی ئەمەریکایە بۆ ناچارکردنی ئەوروپا بۆ دوورخستنەوەیان لە چین، هەروەها سەقامگیریی پەیوەندییەکانی چین و رووسیا مەترسی لەسەر هیچ وڵاتێک دروست ناکات.