نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی شەڕی سوودانەوە 30 هەزار کەس ئاوارەبوونە

پەنابەرانی سوودانی لەسەر سنووری چاد
پەنابەرانی سوودانی لەسەر سنووری چاد

K24 - هەولێر

کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە قەیرانی مرۆیی لەسەر سنووری نێوان سوودان و چاد، ئەگەر بێت و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە سوودان بەردەوام بێت.

کۆمیسیاری پەنابەران ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی سێ هەفتەدا ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە شەڕەکان بەرەو چاد هەڵدێن گەیشتووەتە زیاتر لە 30 هەزار کەس، پێشبینیش دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا ژمارەکە بگاتە 100 هەزار کەس، کە دەچنە ئەو کەمپانەی نزیکەی 400 هەزار پەنابەری سوودانی ساڵانێک بوو تێیدا دەژییان.

جیرۆم مارلین، جێگری نوێنەری کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاد رایگەیاند، "دۆخی مرۆیی لە چاد زۆر ناجێگیرە، لە ماوەی سێ هەفتەدا 30 هەزار پەنابەر هاتوون، هێشتا هاتنی پەنابەران بەردەوامە، ئێمەش بەردەوامین"، نیگەرانن لە بەردەوامی تێکچوونی دۆخی سوودان، چونکە بەو مانایەیە کە چاد لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا رووبەڕووی قەیرانی مرۆیی دەبێتەوە.

مارلین گوتیشی، پێشبینی دەکەین لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ژمارەی پەنابەران بگاتە زیاتر لە 100 هەزار پەنابەر، ئەمەش دەبێتە هۆی قەیرانێکی مرۆیی گەورە، دەشڵێت، "دۆخی ئاوارەکان زۆر ناجێگیرە، چونکە بە پێ یان بەسواری ئاژەلەکان دەگەنە چاد.

مارلین روونیشیکردەوە، بە هاوکاری حکومەتی چاد دەستیان کردووە، بە پێشکەشکردنی هاوکاریی بەپەلە بۆ پەنابەران، بەتایبەتی ئاوی خواردنەوە، خۆراکی سەرەتایی، هەندێک چادر و دۆشەک، هەروەها کلینیکی گەڕۆکیشمان بۆ دابینکردوون و لەگەل هەندێک خزمەتگوزاریی سەرەتایی تەندروستی.

دەسەڵاتدارانی چاد کە لە یەکەم رۆژی رووداوەکانی سوودانەوە سنوورەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە داخست و دەوریەی سوپایان لەسەر سنوورەکان چڕکردەوە و رایانگەیاند، پێشوازی لە هەموو پەنابەرە سوودانییەکان دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا بانگەوازێکی بەپەلەیان دەستپێکرد بۆ یارمەتیدانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری قەیرانی مرۆیی.