سووریا یه‌كه‌م هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو كۆمكاری عه‌ره‌بی ده‌ستپێكرد

K24 - هەولێر:
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی له كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی خۆیدا بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریای دا بۆ ناو كۆمكاره‌كه و پڕكردنه‌وه‌ی كورسییه به‌تاڵه‌كه‌ی كه ماوه‌ی 12 ساڵه به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆییه‌وه له كۆمكاره‌كه دابڕاوه و له گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بیدا دوورخراوه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئاستی وڵاتاندا بڕیاره‌كه كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا و دیمه‌شقیش یه‌كه‌م هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو كۆمكاره‌كه ده‌ستپێكرد.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌یدا پێی وانه‌بوو بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی له كاتی خۆیدا بێت، به‌ڵكو رایگه‌یاند، بڕیاره‌كه زووه و هێشتا ئه‌سه‌د ئاماده نییه كێشه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به ئاشتییانه چاره‌سه‌ر بكات.
یه‌كێك له خاڵه‌كانی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی سووریا بریتی بوو له پارێزگاریكردن له سه‌روه‌ری و یه‌كێتی خاكی ئه‌و وڵاته و هاندانی دیمه‌شق بۆ جێبه‌جێكردنی پابه‌ندییه‌كان كه به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كانی پێشوو ده‌كه‌ونه سه‌ر سووریا.
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاندووه، له چوارچێوه‌ی ئه‌و پابهندییانهدا ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 8ـی ئایاری 2023) به بڕیاری حكومه‌تی سووریا ئاڵای ئێران كه له‌لایه‌ن گرووپ و میلیشیانی سه‌ر به ئێرانه‌وه له‌سه‌ر خاكی سووریا هه‌ڵكرابوو، له ته‌واوی ناوچه‌كاندا هێنراوه‌ته خواره‌وه.
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، له‌پاڵ هێنانه خواره‌وه‌ی ئاڵای ئێران، هاوكات ئاڵای گرووپه چه‌كدارییه‌كانی وه‌ك فاتیمییه‌كان و زهینهبییهكانیش له زۆربه‌ی ناوچه جیاوازه‌كانی سووریا داگیراون.
روانگه‌كه پێی وایه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكومه‌تی دیمه‌شق بۆ نیشاندانی نیازپاكییه به‌رامبه‌ر به پابه‌ندییه‌كانی سه‌ری به‌رامبه‌ر به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو كۆمكار و گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بی و چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی گرووپ و میلیشیا چه‌كدارییه‌كانی سه‌ر به ئێران له خاكی سووریا.
هاوكات محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له تویتێكدا پێشوازی له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی كرد بۆ دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی شاندی سووری له كۆبوونه‌وه‌كانیدا.
حه‌لبووسی رایگه‌یاندووه، پێشتر و له میانی كۆنگره‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانه‌كانی عه‌ره‌بی له به‌غدا جه‌ختیان له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا كردووه‌ته‌وه بۆ ناو گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بی.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا رایده‌گه‌یه‌نێ، رژێمی ئه‌سه‌د به‌رده‌وامه له دروستكردنی ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنی پرۆسه‌ی سیاسی له سووریا.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه كریستۆڤه‌ر بێرگه‌ر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ ناو چالاكییه‌كانی ده‌ربڕی و رایگه‌یاند، به‌لای ئه‌ڵمانیاوه گرینگه له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه عه‌ره‌بییه‌كان هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ ناو كۆمكاری عه‌ره‌بی، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی رژێمی ئه‌سه‌د سازشێكی گه‌وره بكات له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌كی درێژخایه‌ن بۆ كۆتاییهێنان به ململانێكان و باشكردنی بارودۆخی هاووڵاتیانی.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا روونیشكرده‌وه، ئه‌ڵمانیا نیازی نییه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌د ئاسایی بكاته‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی پابه‌ند نه‌بێ به بڕیاری ژماره (2255)ـی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی سیاسییانه‌ی كێشه و قه‌یرانه‌كانی ئه‌و وڵاته.
سه‌باره‌ت به هه‌مان پرس، وانگ وۆن بین، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی پێشوازی له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی ده‌كات، هه‌روه‌ها گوتی، گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ ناو كۆمكاره‌كه یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ بۆ به‌هێزی یه‌كێتی كۆمكاره‌كه و باشتركردنی رۆڵ و ئه‌ركه‌كانی له‌پێناو په‌ره‌پێدان و بووژانه‌وه‌ی جیهانی عه‌ره‌بی.
هاوكات ماریا زاراخۆفا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی سووریا له كۆمكاری عه‌ره‌بی رۆڵێكی ئه‌رێنی ده‌بینێ له باشتركردنی دۆخی ئاڵۆزی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و زاڵبوون به‌سه‌ر هۆكار و لێكه‌وته‌كانی قه‌یرانی سووریا به زووترین كات.
ئێرانیش له رێگه‌ی ناسر كه‌نعانی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه خۆشحاڵی خۆی به‌رامبه‌ر به بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان له‌نێوان وڵاتانی ئیسلامی و لێكنزیكبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامی ئه‌رێنی ده‌بێت به‌سه‌ر سه‌قامگیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاشتییه‌كی سه‌رتاپاگیر و رێگه‌گرتن له ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی.
ماجید بن محه‌مه‌د ئه‌نساری، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر رایده‌گه‌یه‌نێ، وڵاته‌كه‌ی له‌پاڵ وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریا بۆ ناو گۆڕه‌پانی عه‌ره‌بی و هه‌رێمی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه و قه‌یرانه ناوخۆییه‌كانی ئه‌و وڵاته و هاوكاریكردنی گه‌لی سووریا له‌م چوارچێوه‌یه‌دا.
له‌لای خۆیه‌وه نه‌بیه به‌ری، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی لوبنان رایگه‌یاندووه، هه‌رچه‌نده بڕیاره‌كه دره‌نگه، به‌ڵام هه‌نگاوێكه به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی دروست بۆ دووباره بونیاتنانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی عه‌ره‌ب و كاری به‌یه‌كه‌وه‌یی.
دوێنێ (یه‌كشه‌ممه 7ـی ئایاری 2023) ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه به سه‌رپه‌رشتی میسر كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی خۆی گرێدا و بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی سووریای دا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورسییه‌كه‌ی له كۆمكاری عه‌ره‌بی.
دوابه‌دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌كه، ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری عه‌ره‌بی ژماره‌یه‌ك بڕیاری له‌باره‌ی داهاتووی سووریا له‌سه‌ر ئاسته‌كانی سیاسی، دیپلۆماسی، ئه‌منی و مرۆییه‌وه ده‌ركرد، كه ئامانج له‌و بڕیارانه وه‌ك كۆمكاره‌كه رایده‌گه‌یه‌نێ بۆ كۆتاییهێنانه به قه‌یران و كێشه درێژخایه‌نه‌كانی سووریا كه ماوه‌ی زیاتر له 12 ساڵه رووبه‌ڕووی ئه‌و وڵاته بووه‌ته‌وه.
ئه‌نجوومه‌نی كۆمكاری وڵاتانی عه‌ره‌بی سه‌رله‌نوێ پابه‌ندبوونی خۆی بۆ سه‌روه‌ری سووریا و یه‌كێتی خاكه‌كه‌ی و سه‌لامه‌تی نیشتمانی ئه‌و وڵاته دووپاتكرده‌وه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی بۆ هاوكاریكردنی سووریا به پێویست زانی.