کاردانەوەکانی دوای کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی

K24 – هەولێر:

دوای کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و پێشوازی لەو هەنگاوە دەکرێت و هەموولایەنەکانیش جەخت لە ئەنجامدانی گفتوگۆ دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

رۆژی دووشەممە (8ـی ئایاری 2023)، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەکرد،  لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا و هەردوولا کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.

هەروەها لە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی، تيشك خراوەتە سەر دوا دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکە و جەخت لە سەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی کرایەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا خۆشحاڵی خۆی بە میوانداریکردنی قوباد تاڵەبانی دەربڕی و رایگەیاند، بە رۆحی گفتوگۆی بنیادنەر و کراوە، باسمان لە پرسەکانی ناو حکومەت کرد و لەسەر رێگاکانی هەنگاونان بەرەو پێشەوە رێککەوتین.

لەبەرامبەردا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەمڕۆ نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو".

لە تویتەکەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە، "پێکەوە، ئێمە هاوڕاین لەسەر ئەوەی دەتوانین بەسەر ئالنگارییەکانماندا زاڵ بین، کاربکەین بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیانمان، بە بەهێزی بمێنینەوە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە".

لەلایەن خۆیەوە، باربارا لیف، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست له‌ تویتێكدا ئاماژه‌ی به‌ گرنگی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سەرۆکوەزیران كردووه‌ و نووسیوویه‌تی: "ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گەورەیە". هەروەها بە هاشتاگێک ئاماژەی بە "گفتوگۆ" کردووە وەک جەختکردنەوەی هەڵوێستی واشنتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ.

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پێشوازی لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێـمی کوردستان و جێگرەکەی دەکات و رایدەگەیەنێت، دەستخۆشی لە سەرکردایەتی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی دەکەم کە پێکەوە کاردەکەن بۆ دەستپێکردنی چارەسەرکردنی کێشەکان لەرێگەی گفتوگۆ.

هەروەها رۆزی كه‌یڤی كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر رایگەیاند، خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ بینیم سه‌رۆكوه‌زیران و جێگره‌كه‌ی كۆبوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تایی گرنگه‌، بۆ پێشكه‌وتن له‌ پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ رێگه‌ی گفتوگۆی بنیاتنه‌ر.

كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێرئاماژەی بەوەشکردووە، حكومه‌تێكی یه‌كگرتووی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌" و هیواش ده‌خوازێت، كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ پڕۆسه‌ی رێككه‌وتن و ئاشته‌وایی.