لەتیف نێروەیی: بەمزووانە تیمی یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە
"ئەگەر رێککەوتن بکرێت بێگومان دەبێت تیمی یەکێتی بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران"

K24 - سلێمانی
لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: لە ئایندەیەکی نزیکدا تیمی یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەی دیکە دەکەن.
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە کوردستان24ی گوت: "بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی دیکە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا ئەنجامبدرێت، بێگومان دەبێ بە گەشبینییەوە لێی بڕوانین، ئێمە دوو هێزی سەرەکین لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک بەرپرسیاریەتی هاوبەشمان هەیە، لە هەمانکاتدا بۆچوونی جیاوازمان هەیە، هەندێک جار ناکۆکی لەنێوانمان دروست دەبێت، بەڵام بەرپرسیاریەتییەکە وا دەخوازێت کە ئەو دوو لایەنە رێکبکەون".
سەبارەت بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی گوتی: "ئەم بابەتە پەیوەستە بەو کێشە و ناکۆکیانەی لەنێوان هەردوولادا هەیە، ئەگەر کێشەکان چارەسەربن و بگەن بە رێککەوتن، بێگومان دەبێ تیمی یەکێتی بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران".