شێروان دووبەردانی: له‌به‌رامبه‌ر به‌ پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌، داوای به‌پارێزگابوونی تەلەعفەر ده‌كرێت

شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 - هەولێر:

ئەندامی کۆمیتەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، دوای خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژه‌ یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، چاوەڕێدەکرێت سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی رۆژێك بۆ دەنگدان دەستنیشانبکەن.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی کۆمیتەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، لایه‌نەکان رەزامەندییان نیشانداوە بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.

هەروەها راشیگەیاند، به‌شێك لە پەرلەمانتارانی قەزای تەلەعفەر داواکارن قەزاکەیان ببێتە پارێزگا، بەڵام داواکاری ئەوان کاریگەری نەرێنی نابێت لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.

دووبەردانی، روونیکردەوە، هەندێک لە پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی بەغدا هەوڵدەدەن گرفت بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دروستبکەن، چونکە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نزیکبووەتەوە، لەو رێگەوە دەیانەوێت دەنگ کۆبکەنەوە بۆخۆیان.

سەبارەت بە رێککەوتنی شنگال، شێروان دووبەردانی، رایگەیاند، پیوێستە رێککەوتنی شنگال لە زووترین کاتدا جێبەجێبکرێت و ئاوارەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و ناوچەکانیان دووبارە نۆژەن بکرێتەوە.

دووبەردانی جەختی لەوەشکردەوە، وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام لە گفتوگۆدان بۆ چارسەرکردنی کێشەی کوردەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.