ئەمڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت بە فەرمی دەکرێتەوە

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە فەرمی دەكرێتەوە، ئەمەش دوای ساڵێك لە كاركردنی بەردەوام لەسەر پڕۆژەی دروستكردنی رێگای سەرەكیى دەروازە نێودەوڵەتییەكە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دێت.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ چوارشەممە 10/5/2023، لە رێوڕەسیمێكی فەرمیدا و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا، بە فەرمی سنووری نێودەوڵەتیی زێت بەڕووی گەشتیاراندا دەكرێتەوە و لە قۆناغی دووەمیشدا كار بۆ ئەوە دەكرێ تێیدا بزاڤی بازرگانی وەگەڕ بخرێت".
گوتیشی: "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە جدی کاردەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بازرگانی، سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش پێگەیەکی گرنگی ستراتیژییە بۆ ئەو مەبەستە و هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران، بە کردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت ئاستی بازرگانی لە سنوورەکە بە گشتی و مێرگەسۆر بەتایبەتی دەچێتە قۆناغێکی دیکە".
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بەوەشکرد، لە قۆناغی داهاتوودا هەوڵدەدەن رێگاوبانەکانی دەروازەکە باشتر بکەن.
دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت، دەكەوێتە سنووری ناحیەی شێروان مەزن، لە قەزای مێرگەسۆری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەبێتە دەروازەیەکی نوێی نێودەوڵەتی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.