تەرمی حەیدەر فەیلی گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان

رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی حەیدەر فەیلی لە فڕۆکەخانەی هەولێر - فۆتۆ: نەورەس عەبدوڵڵا
رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی حەیدەر فەیلی لە فڕۆکەخانەی هەولێر - فۆتۆ: نەورەس عەبدوڵڵا

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ تەرمی حەیدەر فەیلی، وەزیری پێشووتری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان.

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا تەرمی حەیدەر فەیلی گەیەندرایە فڕۆکەخانە هەولێر، هەر یەک لە فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و پشتیوان سادق وەک نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دڵشاد شەهاب وەک نوێنەری سەرۆکی هەرێم، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەشداریان لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە تەرمی حەیدەر فەیلی کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکردایەتی حزبی شیوعی سەرپەرشتی رێوڕەسمەکە دەکەن و نوێنەری بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بەشداری دەبن.

تەرمی حەیدەر فەیلی بۆ نیشتمان لە رێوڕەسمێکدا تەرمی حەیدەر فەیلی لـە گـۆڕسـتـانـی شەهیدانی حزبی شـیـوعـی لە هەولێر بەخاك دەسپـێـردرێـت.

حەیدەر شێخ عەلی غوڵام، ناسراو بە (حەیدەر فەیلی) لە کابینەی چوارەمی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1999 تا 2006 وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بوو، هەروەها ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان بوو، رۆژی 4/5/2023، بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی نەرویج کۆچی دوایی کرد.