لوبنانیەکان جارێکی دیکە داوای پارەکانیان دەکەن
K24- هەولێر
رۆژی سێشەممە، لوبنانییەکان جارێکی دیکە، لەبەردەم باڵەخانەی بانکەکان و بەردەم ماڵی نەجیب میقاتی سەرۆکوەزیرانی لوبنان گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی و، داوای وەرگرتنەوەی پارەکانیان کرد کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە بانکەکاندا گیریان خواردووە و ناتوانن وەریگرنەوە.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا حکومەت و پەرلەمان هەوڵیاندا بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو قەیرانەی کە لە ئۆکتۆبەری 2019ەوە بەردەوامە، کە ئەو کەسانەی نارەزایەتیان دەربڕی تەقەمەنییان فڕێدایە سەر ماڵی میقاتی و هەندێکی دیکەش هەوڵیان دا ئەو تەلە دڕکاوییانەی کە دەوری ماڵی سەرۆکوەزیران داوە بیبڕن و دروشمیان دژی میقاتی و دژی خاوەن بانکەکان دەگوتەوە.
خۆپیشاندەرەکان رێگای بەردەم پەرلەمانیان داخست، دروشمیان بەدەستەوە بوو کە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی بەرامبەر سیاسەتە داراییەکان، داوای گەڕانەوەی پارەکانیان و رووخاندنی دەسەڵاتی بانکیان دەکرد.
خۆپیشاندەران یەکگرتوویی خۆیان دووپات کردەوە و گوتیان: ئێمە پارێزەر و ئەندازیاریین نەک گێرەشێوێن، چونکە ئەو زەلیلییەی ئێمە تووشی بووین گەورەیە و داوای لێپرسینەوە لە چینی سیاسی و بەپرسانی بانکەکان دەکەین.
خۆپیشاندەران دەڵێن: ملیۆنێک و چوار سەد هەزار کەس پارەکانیان لەلایەن چینی سیاسی و بانکەکانەەوە خوراوە، دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، ئەوان قبوڵ ناکەن خەڵک لە زەلیل و ستەمدا بژی.