بەشی چوارەمی درامای گەردەلول دەست پێدەکات

K24 – هەولێر

دەرهێنەری درامای گەردەلول ئاشکرای دەکات، سەرقاڵی تۆمارکردنی سیناریۆیی بەشی چوارەمی درامای مێژوویی گەردەلولە و بە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهیدەوە دەست پێدەکات، بڕیارە دواتریش دەست بە بەرهەمهێنانی بەشی پێنجەم بکات.

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و رووبەڕوونەوەی رەخنەی توندی نووسەر و شارەزایانی بواری فیلمسازی لە درامای مێژوویی گەردەلول و نیشاندانی سێ بەشی جیاواز و تۆمارکردنی قۆناغەکان، هونەرمەندی دەرهێنەر جەلیل زەنگەنە، ئێستا خەریکی تۆمارکردنی بەشی چوارەمی دراماکەیە، بڕیارە لە ساڵی 1988ـەوە بە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە دەست پێبکات.

جەلیل زەنگەنە، بە کوردستان24ی رایگەیاند: "ئێستا سەرقاڵی نووسینەوەی سیناریۆیی بەشێکی دیکەی درامای مێژوویی گەردەلولم، کە لە کارەساتەکەی هەڵەبجەوە دەست پێدەکات و تا دەگات بە قۆناغی راپەرینە مەزنەکەی کوردستان، هاوکات دوای کۆتایی هێنان بەو بەشەی گەردەلول دەست دەکەین بەشی پێنجەم، کە ئەویش گێڕانەوەی ئەو ساڵانەیە کە کوردستان ئازادبووەو خاوەن حکومەت و پەرلەمانی خۆیەتی".

.
.
.
Fly Erbil Advertisment