کۆمەڵەی پێنجینەی ژێداری کوردستان کۆنسێرتێکی موزیک لە سلێمانی ساز دەکات

کۆمەڵەی پێنجینەی ژێداری کوردستان، لەلایەن هەر یەکە لە موزیکژەنان، ئاکۆ عەزیز و رێژوان ئەحمەد و شیلان عومەر و زانا جەلال و شێرکۆ محەمەد، کۆنسێرتێکی موزیک، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026،  لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، شێرکۆ محەمەد، ئەندامی کۆمەڵەی پێنجینەی ژێداری کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، "کۆمەڵەی پێنجینەی ژێداری کوردستان، لە ساڵی 2010 دامەزراوە، یەکێکە لەو گرووپە مۆسیقایییانەی بە تێکەڵکردنی بەرهەمە موزیکییە کوردییەکان و کلاسیکییە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵ دەدات موزیکیی ئامێری و ئەزموونی ژێدارەکان لە کوردستان زیاتر بناسێنێت."

شێرکۆ محەمەد سەبارەت بە چالاکییەکانی ئەو کۆمەڵەیە گوتی، "ئەم کۆمەڵەیە لە ماوەی چالاکییە هونەرییەکانی خۆیدا زیاتر لە 20 کۆنسێرتی بە شێوەی چوارەوەژەیی و پێنجەوەژەیی پێشکەش کردووە. ریپەرتواری موزیکیی ئەم گرووپە تەنیا لە بەرهەمە کوردییەکان پێک نەهاتووە، بەڵکو کاری موزیکدانانی  نێودەوڵەتیش دەگرێتەوە کە لە سەردەمە جیاوازەکانی موزیکی کلاسیکی، وەک بارۆک، کلاسیک، رۆمانسی و مۆدێرن، بەرهەمیان بۆ کۆمەڵەکانی ئامێرە ژێدارەکان نووسیوە."

ئەو موزیکژەنە باسی لەوەش کرد، "کۆمەڵەی پێنجینەی ژێداری کوردستان، جگە لە چالاکییەکانی ناوخۆ، لە چەندین کۆنسێرتی دەرەوەی کوردستانیش بەشدار بووە و بە پێشکەشکردنی بەرهەمە موزیکییە جیهانییەکان، ئەزموونی موزیکیی کلاسیکیی لەگەڵ ئامادەبووانی دەرەوەی وڵاتیش هاوبەش کردووە."

سەبارەت بە ئەندامانی کۆمەڵەکە، شێرکۆ محەمەد دەڵێت، "ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە پێکهاتووە لە، رەژوان ئەحمەد، ڤیۆلاژەن، پیانۆژەن و مامۆستای موزیکە و بەشی موزیکی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە. شیلان عومەر، ڤیۆلۆنسێلژەن، مامۆستای موزیک و هونەرمەندی پێشکەشکارە. ئەو لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی موزیکیی خوێندووە و لە چالاکییەکانی ئۆرکێسترا و پەروەردەی موزیکیدا بەردەوام بووە."

شێرکۆ محەمەد گوتیشی، "زانا جەلالیش مامۆستای موزیک و ڤایۆلینژەنێکە کە لە بواری ئۆرکێسترا و پێشکەشکردنی بەرهەمە موزیکییەکاندا چالاکە. ئەو لە ساڵی 2003 پەیوەندی بە ئۆرکێسترای سلێمانییەوە هەبووە و لە کۆنسێرت، وۆرکشۆپ، تۆمارکردنی بەرهەمە مۆسیقایییەکان و بەرنامە کولتوورییەکاندا لە کوردستان، عێراق و چەندین وڵاتی دەرەوە بەشدار بووە. هەروەها منیش وەک ڤایۆلینژەن، مامۆستای موزیک، بەڕێوەبەری ئۆرکێسترا و موزیکژەنی کۆمەڵەی ئامێرە ژێدارەکانم."

شێرکۆ محەمەد باس لە گرنگیی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکە دەکات و دەڵێت، "گرنگیی ئەم کۆنسێرتە لەوەدایە کە دەرفەتێک بۆ ناساندن و زیندووڕاگرتنی موزیکی کلاسیکی و بەرهەمە موزیکییە کوردییەکان دەڕەخسێنێت و لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکی هونەری لەنێوان موزیکی کوردی و ریپەرتواری موزیکی جیهانیدا دروست دەکات. هەروەها پێشکەشکردنی ئەم جۆرە کۆنسێرتانە رۆڵێکی گرنگ لە بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و چێژوەرگرتن لە موزیکی ئامێری، پەرەپێدانی کولتووری موزیکی و هاندانی گەنجان بۆ فێربوون و بەردەوامبوون لە بواری موزیکدا هەیە." 

چالاکییەکانی کۆمەڵەی پێنجینەی ژێداری کوردستان،  نموونەیەکن لە هەوڵەکانی موزیکژەنانی کورد بۆ بەردەوامکردنی پێشکەشکردنی موزیکی کلاسیکی، ناساندنی بەرهەمە کوردییەکان لە تەنیشت ریپەرتواری جیهانی و دروستکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ گەشەکردنی ئەزموونی موزیکیی لە کوردستان.