سەرۆک بارزانی داوایەک ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات

سەرۆک بارزانی
سەرۆک بارزانی

K24 - هەولێر:

سەرۆک مەسعود بارزانی لەمیانی گوتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی، داوای لە لایەنە سیاسییە کوردییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە، پێش 18ـی ئەم مانگە، کۆبووەوەیەکی گەورە ساز بکەن.

سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا دەڵێت: بانگەوزاێك بۆ هەموو لایەن سیاسیەکانی کوردی دەکەم، تا لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە و پێش 18ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی فراوان بکەن و تێیدا هەموو کێشەکان باس بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

سەبارەت بە بانگەوازەکەی، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: پێش ئەم کۆبوونەوەیە داوا لە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکەم، کۆبوونەوەیەک بکەن، تا ئەم تەمومژیە نەمێنێت و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە گەورەکە بکەن.

سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوەی خستەڕوو، کە ئیرادەیەكی بەھێز ھەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و ھەولێر.

ھەروەھا سەرۆك بارزانی سوپاسی پشتیوانی خۆیشی بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق دووپاتدەكاتەوە كە ھەموو ھەوڵەكانی خستووەتەگەڕ بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا.

سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا کورتەیەکی لە مێژووی بارزانییەکان خستەڕوو و تێیدا باسی لەوەکرد، زۆر لەسەر بارزان نووسراوە و وتراوە، ناحەزانیش نووسیویانە و راستییەکانیان شێواندووە، بەڵام لە ئەرشیفی زۆرێك لە دەوڵەتان دەرکەوت، ئەوەی لە بارزان سەریهەڵدا، بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی دیموکراتخواز بووە و کاریگەرییەکی گەورەشی هەبووە.

سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەدا، تەکیەی بارزان لە سەدەی نۆی هیجری لەسەر دەستی باپیرە گەورەی بارزانییەکان (تاجەددین) دروستکراوە و لەهەمانکاتدا لە تەنیشت تەکیەکەدا، قوتابخانەیەکی بۆ فەقیەکان دروستکردووە، گوتیشی: ئەو خۆی عالمێکی زۆر زانا بووە، تەکیە و قوتابخانەکەش لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا و بەمشێوەیە بەردەوام بوو تا کۆچی دوایی کرد، دوای ماوەیەک تەکیە و قوتابخانەکە رادەستی شێخ عەبدولسەلامی یەکەم کرا و ئەویش بەپێی بەڵگەکان، لە زانستە ئایینییەکان شارەزا بووە و لەوکاتەدا دەستی کردووە بە زەمینەسازی بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی، بەڵام مەرگ مۆڵەتی نەدا و لە ساڵی 1872 کۆچی دوایی کرد.

لەدوای کۆچی دوایی شێخ عەبدولسەلامی یەکەم، کوڕەکەی شێخ محەممەد هاتووەتە جێی ئەو، سەرۆک بارزانی لە باسی ئەو دا دەڵێت: شێخ محەممەد زۆر زاهید و خوداناس بووە و سەرقاڵێ دیانەت و ئیرشاد بووە، بەڵام هەژموونی هێندە گەورە بووە، ئەو سەردەمە دەسەڵاتی عوسمانییەکان ئەویان بە مەترسی بینیووە و شەڕیان پێ فرۆشتووە، هەربۆیە دەیگرن و دەیبەنە زیندانی بدلیس و دوو ساڵ لەوێ دەبێت، پاشان کە ئازادی دەکەن، لە 1903 کۆچی دوایی دەکات.

هەر سەبارەت بە مێژووی بارزانییەکان، سەرۆک مەسعود بارزانی لە گوتارەکەی ئەمڕۆیدا درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: لە دوای شێخ محەممەد، کوڕەکەی شێخ عەبدولسەلامی دووەم رابەرایەتی تەریقەتەکە وەردەگرێت، کە لە سەردەمی شێخ تاجەددینەوە تەریقەتی نەقشبەندیان هەڵبژاردووە.

"شێخ عەبدولسەلامی دووەم، هەرچەندە تەمەنی کورت بوو، بەڵام بەرهەمی زۆر بوو، ئەو دەستی بە شۆڕشێکی گەورە کرد، کە رەنگە 100 ساڵ پێش سەردەمی خۆی بێت، ئەو چاکسزاییەکی بنەڕەتی کرد و رێبازی بارزانی ناساند" سەرۆک بارزانی لە باسی شێخ عەبدولسەلامی دووەم بەمجۆرە دوا.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: شێخ عەبدولسەلام رێبازی بارزانی بەجۆرێک ناساندووە، هەر کەسێک باوەڕی بەم پرەنسیپانە هەبێت، دەتوانین بڵێین پەیڕەوی رێبازی بارزانی دەکات.

پرەنسیپەکانی رێبازی بارزانیش ئەمانەن:

- خوداپەرستی و خوداناسی، مرۆڤدۆستی، دین رەوشتە

- لە مرۆڤایەتیدا هەمووان برای یەکرترن

- دین و نیشتیمان لەیەکتری جیاناکرێنەوە

- تێکۆشان لەدژی زۆرداران فەرزە

- ژینگەپارێزی پێویستە

- دەبێت ئافرەتان مافیان پارێزراو بێت

شێخ عەبدولسەلامی دووەم لەگەڵ پیاوانی ئایینی و سەرۆک عەشیرەتەکان و رێکخراوەکان لە ناوچەکە، پەیوەندییەکی فراوانی دروستکرد، ئەمەش وایکرد، هەژموونی ئەو لە ناوچەکەدا بە زوویی و بە فراوانی بە ناوچەکەدا بڵاوبووەوە، کە بە گوتەی سەرۆک بارزانی، عوسمانییەکان ئەمەیان پێ ناخۆش بووە و والییەک لە موسڵ بەناوی (محەممەد نەزیف) کە کەسایەتییەکی دیکتاتۆری و دژەمرۆڤایەتی هەبووە، قەناعەتی بە عوسمانییەکان کردووە پەلاماری ناوچەی بارزان بدات، لەو کاتەشدا بەرگرییەکی زۆر قارەمانانە کراوە.

بەپێی گوتارەکەی سەرۆک بارزانی، شێخ عەبدولسەلام لەگەڵ عەشیرەتەکانی ناوچەکە شێوە فیدراسیۆنێکیان پێکهێناوە کە ناویان بارزانیان بۆ خۆیان هەڵبژارد، ئەو عەشیرەتانەش (شێروانی، مزوری، دۆڵەمەری، گەردی، بەڕۆژی، نزاری، هەرکی بنەجی)، بەهۆی ئەوەی لە چەند لایەکەوە هێرشکرایە سەر بارزان، شێخ عەبدولسەلام ناچار دەبێت ناوچەکە بەجێبهێڵێت و بەرەو ئێران کۆچ بکات.

سەرۆک بارزانی سەبارەت بە مانەوەی شێخ عەبدولسەلام لە ئێران، ئاشکرایکرد، کە شێخ عەبدولسەلام و ئەوانەی لەگەڵی بوون، بەرنامەیەکی گەورەیان بەدەستەوە بووە و چوونەتە بدلیس.

سەرۆک مەسعود بارزانی گوتیشی: ئێمە لەنێو خێزانی بارزانییەکان لەمەوبەر واماندەزانی کە لەو سەردەمەدا شێخ عەبدولسەلامی دووەم نوێنەری قەیسەری بینیوە، بەڵام سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا پێش دوو سێ ساڵ هاتە هەولێر و پێی گوتین، لە ئەرشیفی خۆمان بینیومانە کە لەو کاتەدا، قەیسەری رووسیا لەوێ بووە و شێخ عەبدولسەلامی بینیوە.

سەرۆک بارزانی دەڵێت: لە گەڕانەوەی شێخ عەبدولسەلام بۆ کوردستان، چەند کەسێکی ناپاک، بە نامەردی دەیگرن و رادەستی عوسمانییەکانی دەکەن و ئەوانیش لە ساڵی 1914 لە موسڵ لەسێدارەی دەدەن و شەهیدی دەکەن، شێخ عەبدولسەلامی دووەم کاتێک لەسێدارە دراوە، تەمەنی 37 ساڵ بووە.

دواتر برای شێخ عەبدولسەلامی دووەم، شێخ ئەحمەدی نوورانی (شێخ ئەحمەدی گەورە) جێی ئەو دەگرێتەوە، سەرۆک بارزانی لەوبارەیەوە گوتی: من یەکێک بووم لەوانەی ئەو شەرەفەم هەبووە، کە زۆرجار بە خزمەتی گەیشتووم، بەڕاستی نیعمەتێکی ئیلاهی بوو، مرۆڤێکی گەورە، دادپەروەر، خۆڕاگر و خوداناس بوو، بەڵام دیسان لەویش قبوڵ نەکرا کە بەردەوام بێت لەسەر رێبازی باوک و براکانی.

سەرۆک بارزانی هەر سەبارەت بە مێژووی بارزانییەکان درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: لە ساڵی 1931 فەوجێک بە سەرۆکایەتی عقید بەرقی شەوێک دێن و دەوری بارزان دەگرن و داوا دەکەن شێخ ئەحمەد خۆی رادەست بکات، بەڵام شێخ فەرمووی "ئێمە هیچمان نەکردووە، بۆچی خۆمان رادەست بکەین"، شەڕیان کرد و فەوجەکە شکا، دواتر فڕۆکەی بەریتانیا دەڤەری بارزانیان بۆردومان کرد و، بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵ شەهید دەبن.

پاش شەڕێكی شەش مانگی دووبارە ناچار دەبن، کۆچ بکەن و ئەمجارە بەرەو تورکیا دەڕۆن، لەوێش تورکەکان شێخ ئەحمەد رادەستی عێراق دەکەن، حکومەتی ئەوکاتی عێراق داوا لە شێخ ئەحمەد دەکەن، نامەیەک بنووسێت و داوای لێخۆشبوون بکات، بەڵام ئەو رەتی دەکاتەوە و دەڵێت: من داوای لێخۆشبوون ناکەم، چونکە ئێوە غەدرتان لە ئێمە کردووە، من هیچم نەکردووە و داوای لێخۆشبوون لە خودا دەکەم.

سەرۆک بارزانی راشیگەیاند، شێخ ئەحمەد 14 ساڵ نەفی بووە و 12 ساڵیش لە زیندان بووە، نامەی لێخۆشبوونی نەنووسیوە، تا دواجار لە 20ـی تەمووزی 1958 لە زیندان دێتە دەرێ و بە خانەوادەکەی شاد دەبێتەوە، کە ئەوکات سەرۆک بارزانیش چاوی پێ کەوتووە.

سەرۆک مەسعود بارزانی گوتیشی: لە راستیدا شێخ ئەحمەدی گەورە مامۆستا و مەولای ئێمەیە، مەلا مستەفاش قوتابی و پەروەردەی دەستی ئەوە.