کونسوڵی گشتی ئوردن: مەبەستمانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدەین

K24 – هەولێر:
کونسوڵی گشتی شانشینی ئوردن لە هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سوپاسی خۆی ئاراستەی گەل و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان کرد، هاوکات سڵاو و دروودی بۆ خەبات و تێکۆشانی مستەفا بارزانی نارد و پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستان کرد، بە بۆنەی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی.
فواد خازر، کونسوڵی گشتی شانشینی ئوردن لە هەولێر لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا راشیگەیاند، پێزانینیان بۆ سەرۆک بارزانی هەیە. جەختیشیکردەوە، کە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن لە ئاستێکی بەرز و پێشکەوتوودایە. گوتیشی، شانشینی ئوردن مەبەستییەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا پێشبخات.
فواد خازر لە کۆتاییدا رایگەیاند، پیرۆزبای لە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم، هەروەها هیوای خواست لە بواری ئاسایش و وەبەرهێنانیش دەستکەوتی زیاتر بەدەستبهێنێت.