محەممەد ئیحسان لەبارەی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی: ئەو گەلەی مێژووی خۆی لەبیر بکات، داهاتووی نابێت

K24 - هەولێر:
محەممەد ئیحسان کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ و پێویست ناودەبات و دەڵێت: ئەو گەلەی مێژووی خۆی لەبیر بکات، نە ئێستای دەبێت، نە داهاتوو.
محەممەد ئیحسان، شرۆڤەکاری سیاسی لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 کە سنوور مەجید پێشکەشیکرد، ئاماژەی بەوەکرد، کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لەم کاتەدا زۆر گرنگ و پێویست بوو، "چونکە ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین، هەر کەسێک کۆچی دوایی کرد، لەدوای خۆی هیچی بۆ نامێنێتەوە و هەمووان لەبیری دەکەن، بەڵام بە دروستکردنی ئەم یادگەیە، نەوەی ئێستا و داهاتوو ئاشنای مێژووە پڕشکۆوەی مەلا مستەفا بارزانی دەبن".
بەگوتەی محەممەد ئیحسان، یادگەکە بەشێوەیەکی بەردەوام کراوە دەبێت و هاووڵاتییانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەتوانن سەرانی بکەن و ناوەوەی ببینن. ئاماژەی بەوەشکرد، کتێبخانەیەک لەناو ئەو یادگەیەدا هەیە، هەر لێکۆڵەرێک سەردانی بکات، دەتوانێت فایلەکانی داونڵود بکات و سوودیان لێ ببینێت.
وەکو ئەوەی محەممەد ئیحسان دەڵێت، "ئەو ملـلـەتەی مێژووی خۆی لەبیر بکات، نە ئێستای دەبێت، نە داهاتوو، بەڵام پێویستە وانە لە مێژوو وەربگرین، چۆن بتوانین سوودی لێ بیینن و هەڵەکان دووبارە نەکەینەوە. بۆیە من دەتوانم بڵێم مۆزەخانەکە یەکێکە لەو شتانە و ئەو شتانەی لەنێو مۆزەخانەکەدا دەبینی، بەڕاستی جێگەی رێزە."
محەممەد ئیحسان رایدەگەیەنێت، لە رۆژی دووەمی رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی، زیاتر لە 1500 میوان ئامادە ببوون و دەڵێت، زۆرینەی میوانەکان سەرسامی خۆیان بە مۆزەخانەکە دەردەبڕی.
رۆژی پێنجشەممە 11ـی ئایاری 2023، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە کوردستانی و عێراقی و بیانییەکان یادگەی نیشتمانیی بارزانی لە بارزان کرایەوە.
هەر یەک لە لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جینین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێواز فایەق سەرۆکی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ژمارەیەکی دیکە لە کەسایەتی سیاسی و نوێنەری وڵاتان ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون، تێدا چەندین وتار پێشکەشکران کە باسیان لە رۆڵی کاریگەری مەلا مستەفا بارزانی کرد لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی.