شاخەوان عەبدوڵڵا: گۆڕانکاری لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ناکرێت
K24 - هەولێر:
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جەختی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا وەک خۆی کردەوە، راشیگەیاند، بڕیاردراوە رۆژی 17ــی مانگ یاخود 20ــی مانگ بودجە پەسەندبکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (11ــی ئایاری 2023) شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگهی نیشتمانیی بارزانی، بە کوردستان24ــی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ تێپەڕاندی پرۆژەیاسای بودجە، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە و کۆمەڵێک تێبینی خراونەتەڕوو.
هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کراوە، هەموو ئەو ئەو خاڵانەی کە هەولێر و بەغدا لەسەری رێكکەتوون پێویستە وەک خۆی جێبەجێبکرێت کە لە بودجەدا جێگیرکراوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، راشیگەیاند، هەندێک بابەت هەیە لە بودجەدا کێشەی تێدایە، حکومەت بۆمان دەنێرێتەوە و بۆ ئەوەی چارەسەریبکەین.
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باسی لەوەشکرد، هەموو ئەو بابەتانەی کە هەڵەی تێدایە چاکدەکرێتەوە و رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێدەکرێت.