سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: خەڵکی کوردستان شایەنی کەشێکی ئارامە بۆ خزمەتی زیاتر

" پێشوازی و پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی"

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکات لەپێناو ئاشتەوایی نیشتمانی.

رۆژی (12ـی ئایاری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێشوازی و پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی جەنابی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی.

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا هاتووە، "خەڵکی کوردستان شایەنی کەشێکی ئارامە بۆ خزمەتی زیاتر. هەر وەکو جەنابیان فەرمووی؛ بەهێزیمان لە یەکبوونماندایە".

رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەوە بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.