رووماڵ

باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق: گڵکۆی ئەنفالی بارزانییەکان دڵی هەژاندم

میتجیا لێسکۆڤار، باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق
میتجیا لێسکۆڤار، باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق باس لە گرنگی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت چوومە سەر گڵکۆی ئەنفالی بارزانییەکان کە دڵی هەژاندم.

میتجیا لێسکۆڤار، باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانەکەی بۆ بارزان بۆ کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی گرنگی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکانی دەرخست.

باڵیۆزی ڤاتیکان لە عێراق گوتی، "لە بارزان دووشت سەرنجیان راکێشام، یەکەمیان ئەو ئێش و ئازار و قوربانیدانەی گەلی کورد لە سەدەی رابردوو داویەتی، دووەمیان چۆنیەتی رێکخستنی بۆنەکە و ئامادەکردنی مۆزەخانەکە بوو، سەردانەکەم زۆر پڕمانابوو، چوومە سەر گڵکۆی ئەنفالی بارزانییەکان کە دڵی هەژاندم".

هەروەها میتجیا لێسکۆڤار ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەندە سەردانەکەم بۆ هەرێمی کوردستان کورت بوو، بەڵام ئەوەی بینیم، بیریخستمەوە کە پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان چەند گرنگە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا روونیکردەوە، "پێویستە هەموو شتێک بکەین بۆ ئەوەی دڵنیاببینەوە، ئەوەی کە لە رابردوودا روویداوە دووبارە نابێتەوە".

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان، میتجیا لێسکۆڤار  جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ڤاتیکان بەهێزن گوتی، "پێشتر پاپا سەردانی ئێرەی کردووە و سەرۆکی هەرێمیش چووە ڤاتیکان، ئەوەش نیشانەی بەهێزی پەیوەندییەکەمانە".