بەرنامەی لەسەرووی ناکۆکییەکان تاوتوێی رۆڵ و پێگەی ئافرەتی کورد لە قۆناغە جیاجیاکاندا دەکات

لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە
لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە

K24 – هەولێر:

لە بەرنامەی "لە سەرووی ناکۆکییەکانەوە" کە لەلایەن رۆژنامەنووس ئەحمەد زاوێتییەوە لە کەناڵی کوردستان24 پێشکەش دەکرێت، بە میوانداری هەریەک لە نەرمین عوسمان، نووسەر و چالاکوان و شیرین ئامێدی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەران باسیان لە رۆڵ و کاریگەرییەکانی ئافرەتی کورد کرد لە بەشداری سیاسی و خەباتی چەکداری و کایەکانی دیکەی رۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و ئابووری کوردستان لە قۆناغە جیاجیاکاندا.

لە سەرەتای بەرنامەکەدا نەرمین عوسمان، نووسەر و چالاکوان، گەڕانەوەیەکی خێرای بە رابردووی رۆڵ و ئافرەتی کورد کرد و رایگەیاند، ئافرەتی کورد بە درێژایی مێژوو بەتایبەتی بەراورد بە ئافرەتانی گەلانی دیکەی ناوچەکە، بەردەوام بەشداری لە کایەکانی ژیان هەبووە و شانبەشانی پیاوان کاریان کردووە.

نەرمین عوسمان هەروەها سەرنجی خستە سەر ئەوەی، کە ئافرەتی کور بەر لە ئافرەتانی گەلانی دیکەی ناوچەکە، تێکەڵ بە نوێگەری بووە و قۆناغە نوێیەکانی لە خۆیندا بەرجەستە کردووە و چووەتە ناو پرسی نوێگەرییەوە، بەشێوەیەک رۆڵی کارای لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و کایەی رۆشنبیری هەبووە.

ئەو ئافرەتە نووسەر و چالاکوانەکە گوتیشی، ئافرەتی کورد توانی زۆر چالاکانە بەشداری لە هاوبەندی ئافرەتانی عێراق "الرابطة المرئية العراقية" بکات، سەرەڕای ئەوەی کورد بوون، بەڵام لە ئافرەتانی عەرەب و ئەوانی دیکە پێشەنگتر و ئەکتیڤتر بوون، تەنانەت گەڕیدە و مێژوونووسانی بیانیش ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە و شاهێدیان بۆ داوە.

گوتیشی، تاوانی حکومەت و رژێمەکان لە عێراق کە دژی گەلی کورد ئەنجامیان داوە، ئەگەر جارێک دژ بە پیاوان بووبێ، دووجار دژی ئافرەتان بووە، بەشێوەیەک لە پرۆسەکانی ئەنفال و جینۆسایددا زۆرترینی قوربانییەکان ئافرەتان بوونە، بە هەمان شێوە زیندانییەکان زیاتر ئافرەت بوونە، چونکە پیاو توانیویەتی رابکات.

لەلای خۆیەوە شیرین ئامێدی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەران، جەختیکردەوە، ئافرەتی کورد لە مێژووی کۆن و نوێدا بەتایبەتی لە شۆڕشی نەتەوەییدا رۆڵێکی کارا و باڵای هەبووە، بەشێوەیەک هەر دەرفەتێک بۆ گەلی کورد رەخسابێ، توانیویەتی شوێنێکی گەورە بگرێت و بەشداری لە پرسە سیاسی و شۆڕشگێڕییەکان بکات، بۆ نموونە کاریگەری حەپسەخانی نەقیب لەناو حکوومەتەکەی شێخ مەحموودی حەفید و چەندین نموونەی دیکە.

ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەران روونیشیکردەوە، کودەتای 14ـی تەمموزی 1958، دەرفەتێکی نوێ بوو بۆ کرانەوەی زیاتری ئافرەتی کورد، چونکە لەو قۆناغەدا کاری نهێنی و خەباتی شۆڕشگێڕی بۆ قۆناغ و بارودۆخی ئاشکرا و سیاسی وەرچەرخا.

سەرنجیشی خستە سەر قسەیەکی مەلا مستەفا بارزانی کە گوتوویەتی، ئەگەر رۆڵی ئافرەتان نەبووایە، شۆڕش نەیدەتوانی سەربکەوێ و ئامانجەکەی بپێکێ. گوتیشی، لەسەر ئەم بنەمایە بوو، ئافرەتان لە شۆڕشی ئەیلوولدا بەشداریان لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا دەکرد و پرس و راوێژیان پێ دەکرا و بۆچوونەکانیان وەردەگیرا.

Fly Erbil Advertisment