فوئاد حوسێن: عێراق باجی ململانێکانی ئەمه‌ریکا و ئێرانی داوە

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوەی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی، وادەکات عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بەخۆی ببەستێت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "عێراق باجی ململانێکانی ئەمه‌ریکا و ئێرانی داوە".

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، واژۆکردنی گرێبەستی کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەرەنسی و حکومەتی فیدڕاڵی لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر عێراق دەبێت، بە تایبەت یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی عێراق لەوڵاتێکی بەرهەمهێنەری نەوت، بۆ وڵاتێکی بەرهەمهێنەری گاز بگۆڕێت.

فوئاد حوسێن ئاشکرای دەکات، بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق وادەکات وڵاتەکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، هەلێکی لە سەربەخۆ بوون هەبێت، هەروەها سیاسەتەکانی تەندروستی، کەشوهەوا و ژینگە لە وڵاتەکە بەرەوپێش ببات.

له‌باره‌ی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا تەنیا لە بواری سەربازی و ئەمنی نەماوە، بەڵکو گرنگییەکی زیاتر بە بواری ئابووری، کولتووری، تەندروستی و سیستەمی بانکی دەدەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، عێراق باجی ململانێکانی ئەمه‌ریکا و ئێرانی داوە، بەغداش بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، لەگەڵ واشنتن و تاران لە پەیوەندیدایە.

لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودییە و ئێران، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێ، لە کۆتاییدا گفتوگۆ و رەگی چارەسەرکردنی کێشەکان بەعێراقدا تێدەپەڕێت.