چین یەکەم فڕۆکەی کارەبایی بەسەرکەوتوویی تاقیکردەوە

وێنەی فڕۆکە کارەباییەکەی چین
وێنەی فڕۆکە کارەباییەکەی چین

کۆمپانیای فڕۆکەوانیی چینی کۆماک (COMAC) سەرکەوتنی یەکەم گەشتی تاقیکاریی فڕۆکەیەکی کارەباییی جۆری CE-25Aـی راگەیاند، ئەم فڕۆکەیە یەکەمین فڕۆکەی کارەباییی چینە لە جۆری 10 تۆنی، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ چین.

لە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، فڕۆکەکە یەکەم گەشتی بە سەرنشینەوە لە بینچوو لە پارێزگای شاندۆنگی رۆژهەڵاتی چین تاقیکردەوە. گەشتەکە بە سەرپەرشتیی تیمێک کە لە دوو فڕۆکەوان و ئەندازیارێکی تاقیکردنەوەی فڕین، 16 خولەک و 38 چرکەی خایاند و بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.

پێش ئەم گەشتە، فڕۆکەکە لە 2ـی شوباتی 2026ـەوە 19 گەشتی تاقیکاریی بێ سەرنشینی تاقیکردبووەوە، پەرەپێدانی ئەم فڕۆکەیە بە هاوبەشیی نێوان کۆماک، کۆمپانیای پاتریی چینی CATL و زانکۆی شەنگەهای جیاو تۆنگ بووە.

تایبەتمەندییەکانی فڕۆکەکە بەمشێوەیەن:

توانای گواستنەوەی 19 سەرنشینی هەیە و کێشی زۆرینەی هەستانی 10 تۆنی مەتریکە. سیستەمی پاڵنەری فڕۆکەکە پشت بە سیستەمێکی کارەباییی دابەشکراو دەبەستێت کە پەروانەی بۆریی لەسەر درێژایی باڵەکانی جێگیر کراوە.

سەبارەت بە ئاستی کارکردن، خێرایی فڕۆکەکە دەگاتە 300 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و لە بەرزیی 2 هەزار و 400 مەتر دەفڕێت. هەروەها مەودای فڕینی فڕۆکەکە دەگاتە 400 کیلۆمەتر، ئەمەش وای لێدەکات بۆ گەشتە کورتەکانی نێوان شارەکان گونجاو بێت.