سبەی تیمی وەزاری یەکێتی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات
K24 - هەولێر:
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بە کوردستان24ـی راگەیاند، وابڕیارە سبەی تیمی وەزاری یەکێتی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سبەی کۆبوونەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تیمی وەزاری یەکێتیش بەشداری لە کۆبوونەوەکە دەکات.
رۆژی دووشەممە (8ـی ئایاری 2023)، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەکرد، لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا و هەردوولا کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.
لەلایەن خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا خۆشحاڵی خۆی بە میوانداریکردنی قوباد تاڵەبانی دەربڕی و رایگەیاند، بە رۆحی گفتوگۆی بنیادنەر و کراوە، باسمان لە پرسەکانی ناو حکومەت کرد و لەسەر رێگاکانی هەنگاونان بەرەو پێشەوە رێککەوتین.
لەبەرامبەردا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەمڕۆ نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو، پێکەوە، ئێمە هاوڕاین لەسەر ئەوەی دەتوانین بەسەر ئالنگارییەکانماندا زاڵ بین، کاربکەین بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیانمان، بە بەهێزی بمێنینەوە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە".
هەروەها ئەمڕۆ (13ـی ئایاری 2023)، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووەوە و بوگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، جەخت لە یەكڕیزیی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی كراوەتەوە.
هاوکات مەكتەبی سیاسی خۆشحاڵی خۆی بەو كەشە ئەرێنییە ناوخۆییەی كوردستان و پەرۆشیی لایەنەكانی كوردستان بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتمانی و یەكخستنی تواناكان دەربڕیوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.
دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش، هەریەکە لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی.
لەبارەی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی، رۆژی (11ـی ئایاری 2023)، دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24ـی ئاماژەی بە ناوەڕۆکی پرۆژەیەکی دارایی هاوبەش کرد و رایگەیاند، هەوڵدەدەن بۆ بە مەرکەزی کردنی داهات و خهرجییهكان و مووچه بكرێته پرسێكی سیادی و لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت.
لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە، دارا رەشید ئاشکرایکرد، بۆردێک بۆ سەرپەرشتی کردنی داهات و خەرجییەکان دادەنرێت و دوای تەواوکردنی رەشنووسی ئەو پرۆژەیە، دەخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەک پرۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنگی لەسەر دەدرێت.