سێ حزب پشتیوانی خۆیان بۆ بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی راگەیاند
لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان: ئامادەیین بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان
K24 – هەولێر
لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان کە پێکهاتووە لە هەرسێ حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، پشتیوانی خۆیان بۆ بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی رادەگەیەنن، بۆ کۆبوونەوە لایەنە سیاسییەکان و هەموو ئامادەییەک نیشان دەدەن بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و دەستکردن بە دیالۆگی نیشتمانی.
رۆژی 11/5/2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لەمیانی گوتارێکیدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە، پێش 18ـی ئەم مانگە، کۆبووەوەیەکی گەورە ساز بکەن.
سەرۆک بارزانی، گوتی: بانگەوزاێك بۆ هەموو لایەن سیاسیەکانی کوردی دەکەم، تا لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە و پێش 18ـی ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی فراوان بکەن و تێیدا هەموو کێشەکان باس بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
سەبارەت بە بانگەوازەکەی، سەرۆک بارزانی رایگەیاند: پێش ئەم کۆبوونەوەیە داوا لە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دەکەم، کۆبوونەوەیەک بکەن، تا ئەم تەمومژیە نەمێنێت و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە گەورەکە بکەن.
لە راگەیەندراوی لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان هاتووە: "لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكان كە بابەتێكی هەنووكەییە، بەگرنگ دەزانێت و لەم بارودۆخەدا گفتوگۆی كراوەو بەبەشداری هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەنجامبدرێت، لە كۆبوونەوەیەكی سەرجەم لایەنە سیاسیەكاندا، كۆی پرۆسەی سیاسی و گوتاری یەكگرتووی كوردستانی و پرسی ئەنجامدنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبسەنگێنن و بڕیاری پێویست لەبارەیەیانەوە بدەن".
ئاماژە بەوەشکراوە: "لەپێناو رێككەوتن لەسەر رادەی نزمی بەرنامەیەكی هاوبەشی كوردستانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەر و پێشهاتەكان، هاوكات ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی و بەشێوەیەك جێگای متمانەی سەرجەم لایەنەكان بێ بەدەر لە قۆرخكاری هەروەها نووسین و بڕیاردانی دەستووری هەرێمی كوردستانیش، لەمڕوانگەیەوە و لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستان، هەموو ئامادەییەك نیشان دەدات بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان و دەستكردن بەدیالۆگی نیشتمانی و بڕیاردانی پەیمانی نیشتمانی كوردستان.
