"دوای ئاگربەستی جەددە دۆخی مرۆیی لە سوودان خراپتر دەبێت"
K24 - هەولێر
هەیسەم مەکاوی، پزیشکی بێهۆشکەر و پسپۆڕی چاودێری چڕ، لە یەکێک لە گەرمترین ناوچەکان لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەژی، زۆربەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەربازبوون لە شەڕی ناو گەڕەکەکە و ماڵەکانیان بەجێهێشت، بەڵام مەکاوی نەیتوانی دەربچێت، چونکە بەساڵاچووانی ناو خێزانەکەی نەیانتوانی بچنە دەرەوە.
لە سەروبەندی واژۆکردنی "جاڕنامەی مرۆیی جەددە" لە پێنجشەممەی رابردوو، پێکدادانەکان لەنێوان هەردوولا پەرەی سەندووە. سۆشیال میدیا و میدیاکان هەواڵی پێشێلکارییەکانی دژی خەڵکی سڤیلیان لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بڵاوکردەوە، لەوانە دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتان، ئەمە جگە لە تاڵانکردنی ماڵ و کارگە و شوێنەکانی دیکە، دانیشتوانی شارەکە چاوەڕێی ئاگربەستی راستەقینە دەکەن بۆ ئەوەی لە شارەکە هەڵبێن.
سەرەڕای ئەو مەترسییانەی کە لە ئارادایە، بەڵام دکتۆر مەکاوی گەشبین دەرکەوت بەرامبەر بە پابەندبوونی هەردوولا بۆ وەستاندنی شەڕەکە و گوتی: گەشبینی خەڵک لەو باوەڕەیانەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێویستە هەردوولا شەڕەفی سەربازبوونیان هەبێت، ئەمەش بە واتای پاراستنی هاوڵاتیانە. هیوادارم هەردوولا گوێ لە دەنگی عەقڵ بگرن و بەرژەوەندی و ژیانی هاووڵاتیان بپارێزن، چونکە ئەمە شەڕێکە کە تێیدا کەس سەرکەوتوو نییە، سەرکەوتوویش تێیدا دۆڕاوە.
دکتۆر مەکاوی گوتیشی: "سەرەڕای واژۆکردنی ئاگربەستی مرۆیی جەددە، بارودۆخەکە بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بارودۆخی تەندروستی هەبووە، چیتر سیستەمێکی تەندروستی نییە لە وڵاتدا کە تەنانەت بتوانێت مامەڵە لەگەڵ بریندارەکانی هەردوو لایەنیش بکات، چ جای سەبارەت بە زیانەکانی ناو مەدەنییەکان، لە ئێستادا قەیرانی دەرمان و قەیرانی برسێتی هەیە، بارودۆخی ئێرە تەمومژاوی و کارەساتبارە، ئەگەر شەڕیش بوەستێت کاریگەری زۆر خراپ بەجێدەهێڵێت.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە 15 نیسانەوە، دەیان هەزار سوودانی وەک پەنابەر بەرەو وڵاتانی دراوسێ هەڵاتوون، میسر، ئەسیوپیا، چاد و باشووری سوودان.
رۆژنامەنووسێک، کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، رایگەیاندووە کە " ئاگربەستی جەددە" هێشتا کاریگەری لەسەر دۆخیەکە نەبووە، بەڵکو زیاترخراپ بووە، ئاماژەی بەوەشکرد، "جاڕنامەکە کردنەوەی رێڕەوی سەلامەتی بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی دیاریکردبوو، وەک ئەوە وایە کە لایەنەکان لە ناو شارەکاندا بەردەوام دەبن لە شەڕکردن، و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو دوو لایەنە ڕێز لە خەڵکی مەدەنی ناگرن و دان بە مافەکانیاندا ناگرن.
لە سۆشیال میدیای سوودان، زۆرێک گاڵتەیان بەو رێککەوتنە کرد و بە بانگەوازێکیان زانی بۆ چۆڵکردنی خەرتوم بۆ ئەوەی ئەو دوو لایەنە شەڕی لەسەر بکەن، هەروەها بانگەوازیش هەبوو بۆ ئەوەی خەڵک سوود لەو بارودۆخە وەربگرن بۆ ئەوەی شارەکە بەجێبهێڵن.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی کوژراوانی مەدەنی 500 کەسی تێپەڕاندووە، ژمارەی بریندارەکانیش پێنج هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ژمارەیەکی زۆر بێشوماریش لەناو ماڵ و کارگە و دامەزراوە حکومییەکان دانە.
پێنجشەممەی ڕابردوو، سوپای سودان و هێزەکانی "پشتیوانی خێرا" لە شاری جەددەی سعوودیە "ئاگربەستی مرۆیی جەددە"یان واژۆکرد، کە بە نێوەندگیری شانشینی سعوودیە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو و بە شێوەیەکی سەرەکی مەرجی پاراستنی مەدەنییەکان بوو.