لە کەرکووک هیچ سەنتەرێکی تایبەت بە تووشبوانی تالاسیمیا نییە

لە کەرکووک مانگانە پێنج تووشبوی تالاسیمیا تۆماردەکرێن

K24 - کەرکووک

لە کەرکووک مانگانە پێنج تووشبوی تالاسیمیا تۆماردەکرێن، بەڵام سەنتەرێکی تایبەت بە تووشبوانی ئەو نەخۆشیە لە شارەکە نییە، تەنها لە بەشی منداڵانی نەخۆشخانەی ئازادی 20 قەرەوێڵە بۆ چارەسەری نەخۆشەکان تەرخانکراوە. تووشبوانی تالاسیمیا دەڵێن: بەشێکی زۆر لە پشکنینەکان لە تاقیگەکانی دەرەوە دەکەن و دەرمانیش لە دەرمانخانەکانی دەرەوە بەنرخێکی گران دەکرن.

مستەفا فەوزی، یەکێکە لە تووشبووانی تالاسیمیا لە کەرکووک دەڵێت: "یەکێک لەو کێشانەی بەدەستیەوە دەناڵێنین نەبوونی پشکنینە لە نەخۆشخانەکان، داوا دەکەین بۆمان چارەسەر بکەن، چونکە زۆربەی پشکنینەکان لە دەرەوە دەکرێن و دەرمان لە دەرەوە دەکڕین، داواکارین شوێنێکی تایبەت بۆ تووشبوانی تالاسیمیا هەبێت".

لە کەرکووک هیچ سەنتەرێکی تایبەت بە تووشبوانی تالاسیمیا نییە، لەنێو بەشی منداڵانی نەخۆشخانەی ئازادی، بیست قەرەوێڵە بۆ سەرجەم تووشبوانی تالاسیمیا تەرخانکراوە، بۆیە رۆژانە تەنها 25 نەخۆش دەتوانن لەوێ چارەسەر وەربگرن.

یەکێک لە تووشبووانی تالاسیمیا بەناوی دانا سەمەد، دەڵێ: "شوێنەکەمان زۆر خراپە، جاری واهەیە دوو کەس لەسەر قەرەوێڵەیەک چارەسەر وەردەگرین".

بەگوێرەی ئامارەکان، مانگانە پێنج تووشبووی نوێی تالاسیمیا لە کەرکووک تۆمار دەکرێن، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 40 نەخۆشی نوێی تالاسیمیا تۆمارکراون، تەنها چارەسەرێکیش بۆ ئەم دۆخە، کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەتە تاوەکو تووشبوانی نەخۆشیەکە بتوانن چارەسەری پێویست وەربگرن.

فەلاح عەبدولعەزیز، بەرپرسی بەشی تالاسیمیا لە نەخۆشخانەی ئازادی شاری کەرکووک بە کوردستان24ی گوت: "کێشەی دەرمانمان هەیە ئەویش لە بەغداوە نانێردرێت و شوێنەکشمان خراپە، دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە".

تووشبوانی تالاسیمیا مانگانە پێویستیان بە وەرگرتنی خوێنە، بۆیە هەندێکجار کێشەی کەمی خوێن لە بانکەکانی خوێن دروست دەبێت.

بەگوێرەی ئامارێک لە سنووری پارێزگای کەرکووک، هەزار و 189 تووشوی نەخۆشی تالاسیمیا هەیە و سەنتەر و نەخۆشخانەی پێویستیش نییە بۆ چارەسەركردنی تووشبووان تالاسیمیا.

Fly Erbil Advertisment