لەتیف نێروەیی: بێجگە لە رێککەوتن هیچ جێگرەوەیەکی دیکە لەنێوان ئێمە و پارتیدا نییە
K24 - هەولێر
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی "پرسی هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانە". ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ "هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردین".
ئەمڕۆ سێشەممە 16ـی ئایاری 2023، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کاتژمێر 11:00 لە شاری سلێمانی کۆدەبنەوە. شاندی پارتی پێکدێت لە مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا، عەلی حوسێن، د.پشتیوان سادق، د. هێمن هەورامی و د. جەعفەر ئیمینکی. شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە شاڵاو عەلی عەسکەری، د. خەسرەو، عیماد ئەحمەد، رزگار حاجی حەمە، د. میران محەممەد و ئهمین بابەشێخ پێکدێت.
لەبارەی کۆبوونەوەکە؛ ئەمڕۆ سێشەممە، لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ هەردوولا گرنگ دەبێت، "چونکە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چەند پرس و تەوەرێکی گرنگ دەکرێت."
بەگوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی، هەلومەرجی ئێستای نێودەوڵەتی، هەرێمی، عێراقی و ناوخۆییش وا دەخوازێت هەردوو لایەنی سەرەکی هەرێمی کوردستان (پارتی و یەکێتی)، "کە بەرپرسیارەتییەکی مێژووییان لەسەر شانە" کۆتایی بەو دۆخە نەخوازراوە بهێنن کە ئێستا هاتووەتە ئاراوە و بگەنە رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بێت، "چونکە هیچ لایەنێک لەم دۆخە سوودمەند نەبووە".
دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی
رۆژی پێنجشەممە 11ـی ئایاری 2023، سەرۆک مەسعود بارزانی لەمیانی گوتارێکیدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی لە بارزان، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوچەکە، پێش 18ـی ئەم مانگە، کۆبووەوەیەکی گەورە ساز بکەن. هاوکات سەرۆک بارزانی داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کرد، کۆبوونەوەیەک بکەن، "تا ئەم تەمومژیە نەمێنێت و زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە گەورەکە بکەن."
ئەو ئەندامەی سەکردایەتی یەكێتی دووپاتیکردەوە، پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەن کە ناوماڵی کورد رێکبخاتەوە و کێشەکان چارەسەر بکات. ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی بەفەرمی لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، "بە دەستپێشخەریی بافڵ تاڵەبانی" سەرۆک بارزانیی لە ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی جیاکردووەتەوە.
وەکو ئەوەی لەتیف نێروەیی ئاماژەی پێدەدات، یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەموو کاتێک لەو بڕوایەدا بووە، کە پێویستە کۆی کێش و گرفتەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و دەڵێت، بێجگە لە رێککەوتن هیچ جێگرەوەیەکی دیکە لەنێوان ئەوان و پارتیدا نییە "چونکە دابڕان، بەکارهێنانی زمانی زبر و یەکدی تۆمەتبارکردن، نامانگەیەنێتە هیچ چارەسەرێک".
لەتیف نێروەیی: نەمانگوتووە لەگەڵ هەڵبژاردن نین
رۆژی 26/3/2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە فەرمانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد و رۆژی 18/11/2023 وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا.
نێروەیی نەیشاردەوە، یەكێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی، پرسی هەڵبژاردن و چۆنییەتی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە لە پەرلەمانی کوردستان و وەکو خۆی دەڵێت، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوانیان لەبارەی ئەو پرسەوە دەبێت.
ئەو ئەندامەی سەرکرادایەتی یەکێتی روونیشیکردەوە، پێشتر چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ پارتی کردووە و "کۆبووەنەوەکان ئەرێنی بوون، چەند برگەیەک ماون، بەتایبەت پرسی کورسی کۆتاکان" کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، بۆ ئەوەی لەوبارەوە بگەنە رێککەوتن، "چونکە پرسی هەڵبژاردن، بووەتە مژارێکی گەرمی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆستانی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە بەردەام داوا دەکەن لایەنەکان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بگەنە رێککەوتن".
لەبارەی ئەوەی ئایا یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا یان نا؟، لەتیف نێروەیی گوتی: هەرگیز نەمانگوتووە لەگەڵ هەڵبژاردندا نین، بەڵكوو، ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنێکی دیموکراتییانەی پاک و بێگەردین، ئەم چەندەش کەرستە و ئامرازی خۆی دەوێت. سەرەکیترینیان، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە، ئەو کات بە دڵنیاییەوە، ئێمە لەگەڵ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکانین".
گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران
رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران و تیمی یەکێتی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لەتیف نێروەیی ئاماژەی بەوەکرد، گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران "هەنگاوێکی ئەرێنی بوو" و وایکرد، هەردوو مەکتەب سیاسی پارتی و یەكێتی ئەمڕۆ سێشەممە لە سلێمانی کۆببنەوە.