بافڵ تاڵەبانی: بە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دڵخۆشین

K24 – هەولێر:
بافڵ تاڵەبانی لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا دڵخۆشی خۆی بە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ئاشتەوایی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، لەگەڵ پارتیدا ئەگەر زیاتر لەیەک نزیکبینەوە، دەتوانین لە زۆر شوێندا تەواوکاری یەکبین.
ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی ئایاری 2023)، بافڵ تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیارێکی ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی دەستپێشخەرییەکی سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "ئەو دەستپێشخەرییە شتێکی باشە و زۆر دڵمان خۆشە بەوە، بەراستیش جەنابی کاک مەسعود، کاک مەسعودە و خەڵک هەر چاوەڕێی ئەوە دەکات لە جەنابیان".
بافڵ تاڵەبانی سوپاسی سەرۆک بارزانیشی کرد کە لە ماوەی رابردوو بەهۆی ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەکەوە، لە هەواڵی تەندروستی پرسیوە دوای ئەوەی چەند جارێک نەشتەرگەری بچووکی ئەنجامداوە.
لەبارەی کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتیش، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی زۆر باش بووە و بە یەکەوەش سەردانی لایەنەکانی دیکە دەکەن، گوتیشی ئەگەر زیاتر لەیەک نزیک ببنەوە، دەتوانن لە زۆر شوێندا تەواوکەری یەکتری بن و کاری باشتر ئەنجام بدەن، بەتایبەتی کارکردنی هاوبەش لە بەغدا و هاوهەڵوێستی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بڕیارێکی ئازایانەیان داوە و توانیویەتی گوێ لە هەموو لایەک بگرێت، بۆ ئەوەی خزمەتی کوردستان بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، دانانی مووچە بە کاری لەپێشینە و دابەشکردنی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، دوو هەنگاوی باشی حکومەتن و سوپاسی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئەو لایانەشی کرد کە هاوکاربوون لە دەرکردنی ئەم بڕیارە.
رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
له بهشێكی كۆبوونهوهكهدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی (رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان) کرا. پاش گفتوگۆکردن، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە رێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم ، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم و رێکكاریی گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا وئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجیيەکان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران ، سەرپشککران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە راسپێردراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە.
رۆژی دووشەممە (8ـی ئایاری 2023)، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەکرد، لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا و هەردوولا کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.
لەلایەن خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا خۆشحاڵی خۆی بە میوانداریکردنی قوباد تاڵەبانی دەربڕی و رایگەیاند، بە رۆحی گفتوگۆی بنیادنەر و کراوە، باسمان لە پرسەکانی ناو حکومەت کرد و لەسەر رێگاکانی هەنگاونان بەرەو پێشەوە رێککەوتین.
لەبەرامبەردا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەمڕۆ نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو، پێکەوە، ئێمە هاوڕاین لەسەر ئەوەی دەتوانین بەسەر ئالنگارییەکانماندا زاڵ بین، کاربکەین بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیانمان، بە بەهێزی بمێنینەوە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە".
هەروەها رۆژی (13ـی ئایاری 2023)، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووەوە و بوگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، جەخت لە یەكڕیزیی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی كراوەتەوە.
هاوکات مەكتەبی سیاسی خۆشحاڵی خۆی بەو كەشە ئەرێنییە ناوخۆییەی كوردستان و پەرۆشیی لایەنەكانی كوردستان بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتمانی و یەكخستنی تواناكان دەربڕیوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.
دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش، هەریەکە لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی.