وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: شوێنکەوتووانی هەموو ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان پارێزراون

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ئازادیی ئایینەکان بڵاویکردووتەوە، جگە لە هەرێمی کوردستان کۆتوبەند لەسەر بەشێک لە شوێنکەوتووانی ئایینەکان لەناوچەکانی دیکەی عێراقدا هەیە.

باسی لەوەشکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رێز لە ئایینەکان دەگرێت و هەموو لێدوانێکی قەدەغە کردووە کە ببێتە هۆی دروستبوونی توندوتیژی ئایینی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ئازادی ئایینەکان لە جیهاندا بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە دەکات، جگە لە هەرێمی کوردستان کۆتوبەند لەسەر شوێنکەوتووەکانی بەشێک لە ئایینەکان لە عێراقدا هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ساڵانە بەپشت بەستن بە بەڵگە و راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر رەوشی ئازادی ئایینەکان و شوێنەکەوتەکانیان لە جیهاندا بڵاودەکاتەوە، کە لەناویاندا عێراق و هەرێمی کوردستانیش هەن.

لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە: کۆتوبەندی سەر ئازادی ئایینەکان لە عێراق بەشێوەیەکی فراوان جگە لەهەرێمی کوردستان هەیە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە تاوان دژی پێکهاتە ئایینییەکان تێوەگلاون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەدەرەوەی هەرێمی کوردستان پێکهاتەکانی وەک ئێزدی و کریستیانەکان رووبەڕووی دەستدرێژی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوخۆییەوە دەبنەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەوەیخستووەتەڕوو، لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێکهاتە ئایینییە ناموسوڵمانەکان رووبەڕووی هەڕەشە، لێدان، فشار، بێزارکردن لە ناوچەکانی دیکەی عێراق دەبنەوە، لەنێویاندا شوێنکەوتووانی ئایینی بەهایی وەک نموونە هێناوەتەوە و ئاماژەی بەوەکراوە، پەیڕەوکردنی ئایینی بەهایی لە عێراق قەدەغەیە و سزای چەندین ساڵ زیندانی لەسەرە، بەڵام لەهەرێم ئەم کۆتوبەندە نییە و حکومەتی هەرێم رێزی لە بەهاییەکان گرتووە.

لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا ئاماژە بەوەکراوە، شوێنکەوتووانی هەموو ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان پارێزراون بە جوولەکەکانیشەوە، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو لێدوانێکی قەدەغەکردووە کە ببێتە هۆی توندوتیژی ئایینی، ئاماژەی بەوەشداوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوخەمی بۆ ئێزدییەکان دەربڕیوە و چەند جارێک داوای کردووە رێککەوتنی شنگال جێبەجێبکرێت.

راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە، هەبوونی پەکەکە لە دەشتی نەینەوا و شنگال و بەردەوامی بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە، بوونەتە هۆی دروستبوونی مەترسی و دروستبوونی بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەپێی ژمارەیەک بەڵگەنامە بڵاویکردووەتەوە، لەسەرەتای کۆنترۆڵکردنی شنگالەوە لەلایەن داعش لەساڵی 2014، پەکەکە سەدان منداڵی ئێزدی رفاندووە و هەوڵیداوە ئایدۆلۆژیای خۆی لەسەریان بچەسپێنێت لە رێگەی دروستکردنی کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەیان.