هێمن هەورامی: یەكێتی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی بە پەیامێكی مێژوویی دەزانێت

"گرنگە لەگەڵ یەکێتی پێش 24ی ئەم مانگە بگەینە رێكکەوتن و دیدگای هاوبەشمان هەبێت بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی"

هێمن هەورامی
هێمن هەورامی

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دانیشتنی ئەمڕۆ  لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کورستان بەرهەمی دەستپێشخەریەکەی سەرۆک بارزانی بوو، هەروەها جەختی لەوەکردەوە، بڕیاردراوە هەرچی زووە دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و پارتی کۆببنەوە لەسەر پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژ، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر بە بایەخەوە لە دەستپێشخەریەکەی سەرۆک بارزانی دەڕوانن و پێیان گوتین، پەیامێکی مێژوویی بوو.

ئاشکرایکرد، رۆژێک دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، مەکتەبی سیاسی پارتی پاڵشتی خۆی بۆ دەستپیشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دووپاتکردەوە و رۆژی دوای ئەوەش بروسکەمان بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نارد کە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و ئەوانیش دواتر بە بروسکەیەک وەڵامیان دایەوە و ئەمڕۆ لە سلێمانی سەردانمان کردن و زۆر بە گەرمی پێشوازیی لە شاندەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی کرا.

هەروەها راشیگەیاند، پارتی و یەكێتی بڕیاریانداوە كە لەسەر كۆمەڵێك دۆسیه‌ گفتوگۆ بكەن كە پرسی ھەڵبژاردن و رێككەوتنی سیاسی نێوان ھەردوو حزبیشی تێدایە، هەردوولا پەرۆشین بە تێگەشتنێکی وردترەوە کیشەکان چارەسەربکەین.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەشکرد، بڕیاردراوە لە زووترین کاتدا دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی بە بەشداری هەردوو سەرۆکی فراکسیۆن کۆببنەوە و دەستنیشانی خاڵە جیاوازەکان بکەن لەسەر پرسی هەڵبژاردن.

گوتیشی: گرنگە پێش 24ی مانگ بگەینە رێكکەوتن، چونکە ئەو کاتە دادگای فیدراڵی دادەنیشێت و بڕیار لەسەر  ئەو درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان و هەڵبژرادن دەدات، پێویستە دیدگای هاوبەشمان هەبێت بۆ بڕیارەکانیان.

هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، مافی هەموو خەڵکی  کوردستان و پێکهاتەکانە کە هەلبژرادن ئەنجام بدرێت، هەروەها خواستێکی نێودەوڵەتیشە، هەروەک لە راگەیەندراوێک 13 کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی دیبلۆماسی، داوەدەکەن هەڵبژاردن دوانەخرێت.

لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سیڤیەکان ئامادەن بۆ ئەو دوو شوێنەی کە لە کۆمیسیۆن بەتاڵن، ئومێد وایە پێش سەری مانگ کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە.

هەروەها گوتیشی، ئەگەر ئیرادە و یارمەتی هەموو لایەنەکان هەبێت کۆمیسیۆن بە کەمتر لە شەش مانگ دەتوانێت ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکات و دەتوانین لە 18ــی 11 هەڵبژاردن ئەنجام بدەین.

سەبارەت بە پرسی پێکهاتەکان، هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەکرد، "لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی، دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، ئێمە بۆمان نییە بڕیار لەبری پێکهاتەکان بدەین، هەروەها ئەگەر پێکهاتەکان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان رازی بن بەوەی هەر 11 کورسی بۆ سلێمانی بێت پارتی لاری نییە و پشتیوانی لە بڕیاری پێکهاتەکان دەکەین، پێکهاتەکان نابنە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی هەلبژاردندا".

لەبارەی هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، پێویستە لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان پێکەوە دانیشین و گفتوگۆی ئەو قۆناغەی ئێستا بکەین، بڕیار بدەین چۆن رووبەرووی هەڕەشەکان و مەترسییەکان ببینەوە، کە لەسەر هەرێمی کوردستاندا هەیە، دەبێت پێکەوە نەخشەرێگایەک دابنێن کە چۆن بەرەو پێش بچین.

هەروەها راشیگەیاند، هەڵبژاردن نەکرێت قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر هەڕەشەیەکی گەورە، هاوکات هاوکاری وڵاتانیش بەندە بە پابەندی هەرێم بۆ پڕۆسەی دیموکراسی.

هێمن هەورامی، گوتیشی: "پارتی ئامادەیە رێککەوتنی ستراتیژی نوێ لەگەڵ یەکێتی بکرێت، یان بە رێککەوتنەکاندا بچینەوە چی جێبەجێ نەکراوە کاری زیاتری لەسەر بکەین، دەکرێت رێککەوتنێکی نوێتریش ئەنجام بدرێت، چونکە دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەخوازێت پارتی و یەکێتی بە حساباتی خۆیاندا بچنەوە".

رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەوە بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش، هەریەکە لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی.

رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".

بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنیش، پەرلەمانی کوردستان، رۆژی 5ـی نیسانی 2023 تا رۆژی 12ـی نیسانی 2023، دەرگای خۆکاندیکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کردەوە و رۆژی (10ـی نیسانی 2023)، هاوار محەممەد، گوتەبێژی بەشی هەڵبژاردنەکانی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو پۆست لە ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە بەتاڵی ماونەتەوە و پارتی لە پشکی خۆی بەهجەت ئاڤدەل لە جێگەی جوتیار عادل بۆ ئەنجوومەنەکە کاندید کردووە.

پێشتر رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان رۆژی دەنگدان بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە یەک کات دەبێت.

هەروەها رۆژی (30ـی نیسانی 2023)، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاداشتێکدا بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان داوایکرد، لە چەند رۆژی ئایندەدا متمانەدان بە ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی هەرێمی کوردستان بخرێتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان و بەر لە (18ـی ئایاری 2023) کە دەکاتە شەش مانگ بەر لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆنێکی کارا هەبێت و هیچ بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەمێنێت.

 

ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی ئایاری 2023)، کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی بەریتانیا، ئەمەریکا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، کەنەدا، یەكێتی ئەوروپا، فەرەنسا، چیک، یۆنان، ئیتاڵیا، بولگاریا، پۆڵەندا و رۆمانیا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و خەڵکی هەرێم دەکەن، "بۆ پابەندبوونی بەردەوامیان بە بنەما و بەها دیموکراسییەکان و پێشوازیکردن لە رۆحی نوێبوونەوەی هاوکاری نێوان لایەنەکان".

لەو راگەیەندراوە هاوبەشەدا، داوا لە پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن هەموو هەنگاوێکی پێویست بگرێتەبەر لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەبێ دواخستن.

کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتی ئەوروپا و 12 وڵاتی جیهان لە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر گرنگی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەرەرانە دەکەنەوە و داوا لە هەموو لایەنە پەیوندیدارەکان و لایەنە سیاسییەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەریمی کوردستان دەکای بەشێوەیەکی هاوبەش کاربکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی ماون لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، زامنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێک بکرێت کە پابەندبێت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی هەموو هاووڵاتییان بپارێزێت، لەوانەش ئافرەتان و پێکهاتەکان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی دیموکراسیدا.

ئەم راگەیەندراوەی کونسوڵخانە گشتییەکان و نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتی ئەوروپا و 12 وڵاتی جیهان لە هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (16ـی ئایاری 2023)ـی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دێت لە سلێمانی کە تێیدا جەختیان لەسەر پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسییەکان کردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لەوادەی خۆی لەمساڵدا.

هەروەها رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رۆژی (16ـی ئایاری 2023)، "رێكاره‌ یاساییه‌كانی كاراكردنه‌وه‌ى كۆمسیۆن ته‌واوكراون، چاوه‌ڕوانین له‌ ده‌رفه‌تێكی نزیكدا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش بگه‌نه‌ رێككه‌وتن".

رۆژی (26ـی ئاداری 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە بە فەرمانێک رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە".

ئەمڕۆ سێشەممە (16ـی ئایاری 2023)، بافڵ تاڵەبانی لە وەڵامی پرسیارێکی ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی دەستپێشخەرییەکی سەرۆک بارزانی رایگەیاند، "ئەو دەستپێشخەرییە شتێکی باشە و زۆر دڵمان خۆشە بەوە، بەراستیش جەنابی کاک مەسعود، کاک مەسعودە و خەڵک هەر چاوەڕێی ئەوە دەکات لە جەنابیان".

بافڵ تاڵەبانی سوپاسی سەرۆک بارزانیشی کرد کە لە ماوەی رابردوو بەهۆی ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەکەوە، لە هەواڵی تەندروستی پرسیوە دوای ئەوەی چەند جارێک نەشتەرگەری بچووکی ئەنجامداوە.

لەبارەی کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتیش، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی زۆر باش بووە و بە یەکەوەش سەردانی لایەنەکانی دیکە دەکەن، گوتیشی ئەگەر زیاتر لەیەک نزیک ببنەوە، دەتوانن لە زۆر شوێندا تەواوکەری یەکتری بن و کاری باشتر ئەنجام بدەن، بەتایبەتی کارکردنی هاوبەش لە بەغدا و هاوهەڵوێستی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "پارتی و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بڕیارێکی ئازایانەیان داوە و توانیویەتی گوێ لە هەموو لایەک بگرێت، بۆ ئەوەی خزمەتی کوردستان بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، دانانی مووچە بە کاری لەپێشینە و دابەشکردنی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، دوو هەنگاوی باشی حکومەتن و سوپاسی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و ئەو لایانەشی کرد کە هاوکاربوون لە دەرکردنی ئەم بڕیارە.

رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

له‌ به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی (رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان) کرا. پاش گفتوگۆکردن، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە رێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم ، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم و رێکكاریی گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا وئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجیيەکان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران ، سەرپشککران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە راسپێردراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە.

رۆژی دووشەممە (8ـی ئایاری 2023)، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەکرد،  لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا و هەردوولا کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.

لەلایەن خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا خۆشحاڵی خۆی بە میوانداریکردنی قوباد تاڵەبانی دەربڕی و رایگەیاند، بە رۆحی گفتوگۆی بنیادنەر و کراوە، باسمان لە پرسەکانی ناو حکومەت کرد و لەسەر رێگاکانی هەنگاونان بەرەو پێشەوە رێککەوتین.

لەبەرامبەردا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەمڕۆ نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو، پێکەوە، ئێمە هاوڕاین لەسەر ئەوەی دەتوانین بەسەر ئالنگارییەکانماندا زاڵ بین، کاربکەین بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیانمان، بە بەهێزی بمێنینەوە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە".

هەروەها رۆژی (13ـی ئایاری 2023)، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبووەوە و بوگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، جەخت لە یەكڕیزیی و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی كراوەتەوە.

‎هاوکات مەكتەبی سیاسی خۆشحاڵی خۆی بەو كەشە ئەرێنییە ناوخۆییەی كوردستان و پەرۆشیی لایەنەكانی كوردستان بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتمانی و یەكخستنی تواناكان دەربڕیوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە (11ـی ئایاری 2023)، سەرۆک بارزانی لەمیانی گوتارێکدا لە رێورەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و داوای لێکردن لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و گوتی، بە دژایەتیکردنی یەکتری کەس هیچی دەستناکەوێت.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا، داوای لە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کرد کۆببنەو بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان و ئامادەکاری بکەن بۆ کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکان پێش 18ـی مانگ لەپێناو گەیشتن بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

دوای پەیامەکەی سەرۆک بارزانیش، هەریەکە لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و زۆربەی سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پشتیوانی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دەربڕی.

Fly Erbil Advertisment