سوودانی پێشوازی لە گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دەکات؛ داوایەکیشی لە وڵاتانی ئەندام هەیە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە سەرەتاوە پاڵپشتییان لە هەنگاوی گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی کردووە و، داوا لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکارییەکەدا دەکات، کار لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی ئابووری بکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق رووبەڕووی هێرشەکانی داعش بووەوە، کە هەموو جیهانی کردبووە ئامانج.

ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئایاری 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی پێشکەشکردنی گوتەیەک لەکاتی بەڕێوەچوونی 32ـەمین کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لە جەددەی سعوودیە؛ پێشوازی لە گەڕانەوەی سووریا دوای 12 ساڵ بۆ کۆمکارەکە کرد و دووپاتیکردەوە، هەر لە سەرەتاوە پاڵپشتییان لە هەنگاوی گەڕانەوەی سووریا بۆ کۆمکاری عەرەبی کردووە، چونکە وەکو خۆی گوتی، گەڕانەوەی ئەو وڵاتە گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە "کاری عەرەبی هاوبەش" بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان کردەوە و داوای لە وڵاتانی ئەندام لە کۆمکارییەکەدا کرد، پەرە بە "رێبازەکانیان" بدەن بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی ئابووری، "بۆ ئەوەی پەرە بە ئابوورییەکەمان (وڵاتانی عەرەبی) بدەین و بە باشترین شێوە وەبەرهێنان لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانماندا بکەین". گوتیشی: بەشێکی زۆری وڵاتان توانیویانە هاوپەیمانێتیی ئابووری پێکبهێنن، لە کاتێکدا هیچ توخمێکی هاوبەش لەنێوانیاندا نەبووە".

هەر لەوبارەوە، محەممەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەکرد، "عێراق پێشوازی لە چەندین کۆنفرانس دەکات، بۆ دانانی بەردی بناغەی لەم جۆرە هاوکارییە، لەوانە کۆنفرانسی (بەغداد 2023)، بۆ یەکگرتنی سەقامگیری و ئابووریی ناوچەکە". روونیشیکردەوە، لەم چەند رۆژەدا بەغدا ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنفرانسی "رێگەی گەشەپێدان دەکات، ئەو پڕۆژەیەی کە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی پەیوەندی و بەرژەوەندییە گشتگیرییەکانی گەلانمان".

لەبارەی رێککەوتنی نێوان سعوودیە و ئێران و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی هەردوو وڵات لە پایتەختەکانی یەکدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان سعوودیە و ئێران دەکەین. هەنگاوێکی کردەییە، عێراق پاڵپشتیی لێی کرد و کاری لەسەر جێبەجێکردنی کرد، کە ببێتە هۆی بەرقەرارکردنی ئاشتیی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا".

لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە شەڕی داعش کرد. وەکو خۆی دەڵێت، "عێراقییەکان رووبەڕووی هێرشەکانی تیرۆرستانی داعش بوونەوە، کە نەک تەنها عێراقی بە ئامانج گرتبوو، بەڵکوو ناوچەکە و جیهان بە گشتی. ئەو سەرکەوتنەی بەدەستمانهێناوە، وامان لێدەکات بەرەوپێشەوە بڕۆین و وڵاتەکەمان ئاوەدان بکەینەوە".

پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی بەشێکی دیکە بوون لەو تەوەوانەی محەممەد شیاع سوودانی قسەیان لەسەر کرد و گوتی: پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی، وامان لێدەکەن لە چوارچێوەی رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان بەیەکەوە کاربکەین، بۆ ئەوەی رێگەچارەی بنچینەیی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانیان بدۆزینەوە". لەبارەی مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکانیش ئاماژەی بەوەکرد، "بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و مەترسییە هاوشێوەکانی، کە کاریگەریی کەلتووریی و بەهاییان هەیە، پێویستە هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە ویەکگرتوومان هەبێت".

سوودانی نیگەرانی خۆی لە بارودۆخی ئابووری، سیاسی و ئەمنی هەر یەک لە وڵاتانی سوودان، یەمەن، لوبنان و فەڵەستین دەربڕی و هیوای خواست "هەوڵەکانی بەدیهێنانی ئاشتی" لەو وڵاتانە سەرکەوتووبن و، پاڵپشتیی عێراقی بۆ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە دووپاتکردەوە.

کۆمکاری عەرەبی لە 22 وڵات پێکدێت و لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2011ـەوە بەهۆی جەنگی ناوخۆوە ئەندامێتی سووریا لە کۆمکاری عەرەبی هەڵپەسێردرابوو، ئەمڕۆ دوای 12 ساڵ سووریا گەڕایەوە نێو کۆمکارەکە.