هەڵمەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر دەستیپێکردووە

پشکنینی کافێ و رێستۆرانتەکان
پشکنینی کافێ و رێستۆرانتەکان

K24 - هەولێر

هەڵمەتێکی پشکنینی ورد بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر و بە هەماهەنگی لەگەڵ تەندروستی ئاسایش و پارێزگای هەولێر بۆ نێرگەلەی کافێ و رێستۆرانتەکانی هەولێر دەستیپێکردووە و تەواوی تووتنی نێرگەلەکان دەپشکنن و بەشێکیشیان دەنێرن بۆ کوالێتی کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان، پشکنینی جەستەی تەواوی کارمەندانی کافێ و رێستۆرانتەکانی هەولێریش دەکرێت، تا بزانرێ ئاخۆ بەکارهێنەرە یاخود نا.

مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر هەمووانی کۆکردووتەوە. تیمەکە بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر و بە هەماهەنگی لەگەڵ تەندروستی ئاسایش و پارێزگای هەولێرە. هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینان بۆ ئەو کافتریا و رێستۆرانتانە دەستپێکردووە، کە نێرگەلەی تێدا دەکێشرێت، بە مەبەستی پشکنین بۆ تووتنی نێرگەلەکە و پشکنینی کارمەندانی کافێکە.

لەوبارەیەوە بەڕێوه‌بەری نەخۆشخانەی ئاسایش تایبەت بە کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، کە پشکنینەکە دوو لایەن دەگرێتەوە، سەرەتا هەویری ئەو نێرگەلەیە کە عەسەلی پێ دەگوترێ، نموونەیەکی لێ وەردەگیرێت و دەنێردرێتە کواڵێتی کۆنتڕۆڵ و پشکنینی بۆ دەکرێت. پشکنینی دووەم بۆ ستافی کارمەندانی کافییەکانە، تا بزانرێت بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن یاخود نا. گوتیشی، ئەو پڕۆسەیە، پڕۆسەیەکی زانستییە و بە ئامێری تایبەت ئەنجام دەدرێت.

پشکنینەکان زۆر بە وردی ئەنجام دەدرێت، بەشێک لە تووتنی نێرگەلەکانیش دەبرێت بۆ پشکنینی تاقیگەی گەورە و تەواوی کارمەندەکانی کافێکەش پشکنینی میزیان بۆ دەکرێت، تا بزانرێت بەکارهێنەرن یان نا، چونکە ماددەی هۆشبەر بووەتە مه‌ترسییه‌كی جددی و بەپێی ئامارێکی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان تەنیا لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، 320 بازرگانی ماددەی هۆشبەر و 520 بەکارهێنەر دەستگیر کراون، هاوکات نزیکەی 50 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر، 2803 حەبی هۆشبەر -شریت-  و 679 کیلۆ حەبی هۆشبەر و 1518 دەرزی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.

لەلای خۆیەوە، ئاشتی مەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئاسایشی گشتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەدوای پشکنینەکان، خاوەنی کافێ و رێستۆرانتەکانیش بەڵێننامەیان پێ پر دەکرێتەوە، کە نابێت هیچ کارمەندێکی کافێکە ماددەی هۆشبەر بەکار بێنێت یاخود بیکاتە ناو نێرگەلەکانەوە.

پشکنینەکان تەواوی کافتریا و رێستۆرانتەکانی هەولێر دەگرێتەوە و ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت، ئامانجیش لە هەڵمەتەکە پاراستنی هاووڵاتییانە لە ماددەی هۆشبەر.