کەنەدا بە تووندی سەرکۆنەی لە سێدارەدانی سێ خۆپیشاندەرەکەی ئێران دەکات

K24 - هەولێر
کەنەدا بە تووندی سەرکۆنەی لە سێدارەدانی سێ خۆپیشاندەرەکەی ئێران دەکات و داوا دەکات هەرچی زووە سنووردارکردنی ئازادییەکانی خەڵک رابگیرێت.
مێلەنی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، کەنەدا بە تووندی سەرکۆنەی لە سێدارەدانی هەرسێ خۆپیشاندەر دەکات لەلایەن رژێمی ئێرانەوە، بە ناوەکانی مەجید کازمی، ساڵح میرهاشمی و سەعید یەعقووبی.
وەزیری دەرەوەی کەنەدا بە پێویستیشی دەزانێت بەزووترین کات فەرامۆشکردنی گیانی هاووڵاتییان و سنووردارکردنی ئازادییەکانیان رابگیرێت، "ئەمڕۆ و سبەی و هەموو رۆژەکانی دیکە کەنەدا پاڵپشتی لە خەڵکی ئێران دەکات."
دوێنێ هەینی 19ـی ئایاری 2023، ناوەندی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی هەریەک لە ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی شێخ شەبانی و سەعید یەعقووبی بەرەبەیانی دوێنێ هەینی جێبەجێ کراوە.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئەو سێ کەسەی وەک تیرۆریست ناساندووە و بە کوشتنی دوو ئەندامی هێزی بەسیجی سوپای پاسداران و ئەفسەرێکی پۆلیسی ئێران تۆمەتباری کردوون.
لە سێدارەدانی ئەم کەسانە لە کاتێکدایە کە ئەوان هیچکات تۆمەتەکانیان قەبووڵ نەکرد و جەختیان دەکردەوە کە بێ تاوانن.
هاوکات ڤێدانت پاتەل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: لەسێدارەدانی ئەو کەسانە، دوای دادگاییکردنەکان کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە دادگاییەکی ساختە سەیر دەکرێت، سووکایەتیکردنە بە ماف و کەرامەتی مرۆڤ لە ئێران و هەموو شوێنێکی دیکە.
لە سێدارەدانی ئەم سێ زیندانییە سیاسییە لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە 18ـی ئایاری 2023، 14 کەسی دیکە کە چوار کەسیان کورد بوون لە چوار پارێزگای ئێران لە سێدارە دراون.