سێ خۆپێشاندەر لە ئێران بەتۆمەتی کوشتنی دوو بەسیج لەسێدارە دران

وێنەی خۆپێشاندەرەکان
وێنەی خۆپێشاندەرەکان

K24 - هەولێر:

سێ دەستبەسەرکراوی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران لە پارێزگای ئیسفەهان بە تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی ‌هێزە ئەمنییەکان لە سێدارە دران.

ناوەندی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، سزای لەسێدارەدانی هەریەک لە ساڵح میرهاشمی، مەجید کازمی شێخ شەبانی و سەعید یەعقووبی بەرەبەیانی ئەمرۆ جێبەجێ کراوە.

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئەو سێ کەسەی وەک تیرۆریست ناساندووە و بە کوشتنی دوو ئەندامی هێزی بەسیجی سوپای پاسداران و ئەفسەرێکی پۆلیسی ئێران تۆمەتباری کردوون.

لە سێدارەدانی ئەم کەسانە لە کاتێکدایە کە ئەوان هیچکات تۆمەتەکانیان قەبووڵ نەکرد و جەختیان دەکردەوە کە بێ تاوانن.

هاوکات ڤێدانت پاتەل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: لەسێدارەدانی ئەو کەسانە، دوای دادگاییکردنەکان کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە دادگاییەکی ساختە سەیر دەکرێت، سووکایەتیکردنە بە ماف و کەرامەتی مرۆڤ لە ئێران و هەموو شوێنێکی دیکە.

لە سێدارەدانی ئەم سێ زیندانییە سیاسییە لە کاتێکدایە کە دوێنیش 14 کەسی دیکە کە چوار کەسیان کورد بوون لە چوار پارێزگای ئێران لە سێدارە دراون.