پێنجوێنی: ئەو كودەتایە ھەلێكی زێڕین بوو بۆ ئەردۆغان

ئامادەیی و پێشبینی باشیان نەكردبوو

K24 - ھەولێر

لە میانی بەشداریكردنی لە رووماڵی تایبەتی كوردستان24 لەبارەی رەوشی توركیا و كودەتای سەربازی سوپای ئەو وڵاتە، سیاسەتمەدار محەممەد ئەمین پێنجوێنی رایگەیاند، ئەو كودەتایە ھەلێكی باش و زێڕین بوو بۆ ئەردۆغان بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە سوپادا بكات،

سیاسەتمەدار محەمەد ئەمین پێنجوێنی دەڵێ: "ئەو كودەتایە شتێكی چاوەڕوانكراو بوو، وەك خۆیان دەڵێن ئەگەر ئەو كودەتایە لە لایەن فەتحوڵڵا گولەنەوە بێت ئەوا كودەتای عەلمانییەكان ماوە، ئەگەر سیاسەتی ئەردۆغان لەسەر ئەم شێوەیە بەردەوام بێت كە سیاسەتی تاكە كەسی و حیساب نەكردنە  بۆ ھێزی دیكە بە بڕوای من جارێكی دیكە ئەو كودەتایە سەرھەڵدەداتەوە".

لەبارەی شكستی ئەو كودەتایە پێنجوێنی گوتی: "مەرج نییە ھەموو كودەتایەك سەركەوتووبێت، بەڵام ئەمان ئامادەیی و پێشبینی باشیان نەكردبوو، ھەموو سەرەتاییەك دەبێت پێشتر سەرەكان بگریت دواتر بەرنامەی خۆت رابگەیەنیت، ئەوان سەرەكانیان نەگرت حیسابی ئەوەیان نەكرد ئەوان سەریان ھەیە و حزب و جەماوەریان ھەیە رووبەڕووی كودەتا دەبنەوە، ئەو ھەڵەیە بووە شكستی كوردەتاكە".

باسی لەوەشكرد: "ئەوە ھەلێكی باش و زێڕین بوو بۆ ئەردۆغان و حزبەكەی كە گۆڕانكاری لە دامەزراوەكانی سوپا و حكوومەت بكات بە ناوی ئەوەی كە لەگەڵ ئەو كودەتایەدابوون و ھاوكاری گولەن دەكەن، بڕوام وایە لە ماوەیەكی دیكە ئەردۆغان زۆر لە فەرماندە و ئەفسەرانی سوپا دەگۆڕێت و دوای ئەوەش جارێكی دیكە كودەتا روودەداتەوە".

سەبارەت بە گۆڕانكاری لە سیاسەتی حكوومەتی توركیا بەرامبەر بە گەلی كورد لە باكووری كوردستان محەمەد ئەمین پێنجوێنی ئەوەی خستەڕوو: "پێم وایە سیاسەتی حزبی ئەردۆغان و حكوومەت بەرامبەر بە كورد خراپتر دەبێت و بەردەوامی بەو سیاسەتە دەدەن دژ بە ھێزە كوردییەكان".