ئەلینا رۆمانۆوسکی داوای هەماهەنگی زیاتر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەکات

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا، داوای هەماهەنگی زیاتر بۆ چاکسازییەکانی پێشمەرگە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان لە کۆتایی ئەمساڵدا دەکات.

ئەمڕۆ شەممە (20ـی ئایاری 2023)، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە و رایگەیاندووە، "ستایشی گفتوگۆی سەرکەوتوویان و ئەو پێشکەوتنەی بەدەستهاتووە لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە".

هەروەها ئەلینا رۆمانۆوسکی رایگەیاندووە، "هانی هەردوولایەنمدا بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی لەبارەی کارە لەپێشینە هاوبەشەکان و چاکسازی پێشمەرگە و کارکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێش کۆتایی هاتنی ئەمساڵ.

رۆژی دووشەممە (8ـی ئایاری 2023)، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەکرد،  لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا و هەردوولا کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینەی نۆیەم.

لەلایەن خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا خۆشحاڵی خۆی بە میوانداریکردنی قوباد تاڵەبانی دەربڕی و رایگەیاند، بە رۆحی گفتوگۆی بنیادنەر و کراوە، باسمان لە پرسەکانی ناو حکومەت کرد و لەسەر رێگاکانی هەنگاونان بەرەو پێشەوە رێککەوتین.

لەبەرامبەردا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەمڕۆ نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو، پێکەوە، ئێمە هاوڕاین لەسەر ئەوەی دەتوانین بەسەر ئالنگارییەکانماندا زاڵ بین، کاربکەین بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیانمان، بە بەهێزی بمێنینەوە بەرامبەر ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە".

دوای کۆبوونەوەکەی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی، لەلایەن خۆیەوە، باربارا لیف، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست له‌ تویتێكدا ئاماژه‌ی به‌ گرنگی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سەرۆکوەزیران كردووه‌ و نووسیوویه‌تی: "ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گەورەیە". هەروەها بە هاشتاگێک ئاماژەی بە "گفتوگۆ" کردووە وەک جەختکردنەوەی هەڵوێستی واشنتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ.

هەروەها هەمان رۆژ، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پێشوازی لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێـمی کوردستان و جێگرەکەی دەکات و رایدەگەیەنێت، دەستخۆشی لە سەرکردایەتی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی دەکەم کە پێکەوە کاردەکەن بۆ دەستپێکردنی چارەسەرکردنی کێشەکان لەرێگەی گفتوگۆ.

دوای ئەوەش، رۆژی یەکشەممە (14ـی ئایاری 2023)، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران و تیمی وەزاری یەکێتی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی دووەمی کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی (رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان) کرا. پاش گفتوگۆکردن، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا، رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە وخەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە رێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا، ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم ، بۆ خەرجیەکانی دیکەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میکانیزم و رێکكاریی گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا وئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجیيەکان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران، سەرپشککران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە راسپێردراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە.